فەرید ئەسەسەرد: ئەگەر نەگەینە سازان، سەرۆكی هەرێم لە ناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت

0

 نوچەنێت: تایبەت

 فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە نوچەنێتی راگەیاند، هەمووان چاویان لەسەر كۆبوونەوەی پێنج قوڵی رۆژی یەكشەممەی داهاتووە، بەڵام وەك ئەو وتی: “ئەگەر لایەنەكان نەگەنە سازان، ئەوا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت و سەرۆكی هەرێمیش لە ناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت”.

ئەسەسەرد بە نوچەنێتی وت: “كۆبوونەوەكان هێشتا نەگەیشتوونەتە بنبەست، بەڵام لە كۆبوونەوەی یەكشەممەی داهاتوو زۆر شت روون دەبنەوە، ئەگەر لایەنەكان نەگەن بە سازان ئەوا دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، یەكێتیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادەیە”.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی:”هەڵبژاردنی پێش وەخت رێگەیەكە بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانەی ئێستا هەیە، لەوكاتەیشدا ئێمە یاسایەكمان هەیە كە بە گوێرەی ئەو یاسایە سەرۆكی هەرێم لە ناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، هەروەها پرۆژە یاسایەكیشمان هەیە كە تا ئێستا نەبۆتە یاسا و بە گوێرەی ئەو پرۆژە یاسایە سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە دۆخێكی وەهادا كار بە یاساكە دەكرێت نەك پرۆژە یاساكە”.

فەرید ئەسەسەر ئاماژەی بەوەیشدا، كە گرێكوێرەی سەرەكی دانیشتنەكان، لە چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدایە، وەك ئەو وتی: “پارتی سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆك لە ناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و لایەنەكانیش سورن لەسەر ئەوەی كە سەرۆك لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بۆیە ئەگەر نەگەینە سازان و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، سەرۆك لە ناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت و ئەمەیش ئەو داوایەیە كە پارتی خستوویەتییەڕوو”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com