وێڕای سزاکان، هێزی سەربازی و ناوەکی و بازرگانی ئێران روو لەپێشکەوتنە
نوچەنێت / ئاژانسەکان
ئەگەرچی ئەمریکا پێنجشەممەی رابردوو سزایەکی نوێی بەسەر ئیراندا راگەیاند، ئەمرۆ بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاند، چالاکییە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە روو لەگەشە سەندنە و بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا، ئیران ڕۆژانە یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار لیتر بەنزین و گازوایل لە هێڵی بۆری بەندەرعەبباسەوە رەوانەی ئەرمەنستان بکات، وەزیری بەرگری ئێران، تەئکید لە توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەکاتەوە، راپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیش ئاشکرای دەکەن، توانای ناوەکی ئێران روو لەگەشەیە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو هەردوو وەزارەتی دەرەوەو خەزێنەی ئەمریکا، هەواڵی سەپاندنی سزایەکی نوێیان بەسەر ئیراندا راگەیاند، کە بریتی بوو لە سڕکردنی سامانی سوپای پاسداران و هێزی بەرگری بەسیج و پۆلیسی نیشتیمانی ئێران، وەک هەوڵێک بۆ ڕێگرتن لە پێشکەوتنی زیاتری ئێران، بەڵام حکومەتی ئێران بەردەوامە لەهەوڵەکانی پێشخستنی ئابوری وڵاتەکەی، لەو سەروبەندەشدا بەگوێرەی ڕاپۆرتی رادیۆ کوردی ئێران ” جەلال سالاری ” بەڕێوەبەری بەشگەی نیشتمانیی دابەش و بڵاو کردنەوەی بەرهەمی نەوتیی ئێران، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە “هیچ کۆسپێک لەبەردەم چالاکی لەبەشی تایبەت لە بواری هەناردە کردنی بەرهەمە نەوتییەکان و بەنزیندا نییە”، وتیشی” ساڵی پار نزیکەی یەک ملیار لیتر بەنزین لە وڵات هەناردە کراوە و ئەمساڵیش، یەکەمین باری بیست هەزار تەنی بەنزین لە بۆرسەی هەناردە و بەشێکیشی بۆ ئەفغانستان هەناردە کرا”.
ئەو بەرپرسە ئێرانیە ئەوەشی وتووە کە”لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بەنزین وەک تەنیا بارەبوو بۆ ئەفغانستان نێردراوە و بەگوێرەی وتووێژەکانیش لەگەڵ ئەرمەنستان، ئەگەر هێڵی بۆری هەناردە کردن بۆ گوێزانەوەی بەرهەمەکان چاک بکرێت، ڕۆژانە یەک ملوێن و پێنج سەد هەزار لیتر بەنزین و گازوایل لە هێڵی بۆری بەندەرعەبباسەوە بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەکرێت”.
هەر لەبارەی هەوڵی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، لەکۆتایی مانگی پینجی رابردوو یەکێتی ئەورپاش لهکۆبونهوەی خۆیدا له بروکسڵ ڕایگهیاند، زیاتر له 100 ناوی زیاد کردوه، له لیستی ئهو کهسانەی لەبواری ئابوری و بازرگانی ئێراندا کار دەکەن، که ڕێگای گهشتکردنیان پێنادرێت و سهرمایهکانیان سڕکراون.
لە بەرانبەر ئەو بڕیارەشدا ئهمهریکا خۆشحاڵی خۆی دهربڕی و فراوان کردنی سزاکانی دژ به کۆمپانیاو کاربهدهستانی ئێرانی گرنگ وەسفکرد.
بەڵام وێڕای هەموو ئەو هەوڵانەی ئەورپاو ئەمریکا دەیدەن، بۆ سنور دارکردنی چالاکی بازرگانی ئێران، بەمەبەستی راگرتنی بەرنامە ناوەکییەکەی، ئێران لەپێشخستنی چالاکی بازرگانی و هەوڵی سەرخستی بەرنامەی ناوەکی خۆی نەوەستاوە، ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕۆژئاوا لەمانگی رابردوو کۆپـیـیهکی ڕاپـۆرتی ئاژانسی نێودهوڵهتی وزهی ئهتۆمیان بڵاوکردەوە، بەپێی ئەو راپۆرتە، سهرهڕای سـزا نێونهتهوهیـیهکانی سهر ئێران، بڕی یۆرانیۆمی پـیتێنراوی ئهو وڵاته نەک سست نەکراوە بەڵکو زیادیکردووه.
سزا نێو دەوڵەتیەکان کە بەڕابەرایەتی ئەمریکا و ئەورپا بەرانبەر ئێران، کاری لەسەر دەکرێت بەمەبەستی هێنانە ژێر باری جمهوری ئیسلامی، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە هیچ ئامانجێک، رۆژ بەرۆژ هێزەکانی ئێرانیش لەپێشکەوتنی زیاتردان، لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنانەی هێزە سەربازییەکانی ئێران بەدەستی هێناوە. بەپێی هەوڵێکی رادیۆ ئێران، ئەمرۆ شەممە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری بەرگریی ئێران ئەو بانگەشانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، ئەگەر بێتوو شەڕ ڕوو بدات، ئێران لەڕێی ئاسمانەوە توانای بەرگری نابێت و رادەگەیەنێت”هێزی چەکداری ئێران لە ڕێ ئاسمانیشەوە بەهێز و توانایە و سیستەمی بەرگری بۆ بەرەنگاری لە وڵات توانای پێویستی هەیە”.
وەزیری بەرگریی ئێران لە وڵامی پرسیارێکیش لەبارەی هەڕەشەکانی دوژمنانی ئیران دەڵێت”دوژمنان، ناتوانن هەڕەشە بکەن چوونکە ئەوان لە ڕابردوودا ئیدیعای زۆریان کردبوو. بەڵام بۆ خۆیان تێگەیشتن کە هەڕەشەکانیان دوور لە ڕاستییە”.
ئەحمەد وەحیدی هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی کە بیر لەهێرشکردنە سەر ئێران دەکەنەوەو دەڵێت”وەڵامی هێزی چەکداری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر هەر دەستدرێژکارییەک گورچکبڕ دەبێت”.