پانۆرامای رۆژی هەینی وڵاتانی عەرەبی
لەسوریا ٦٧ کەس و لە بەحرەین یەک کەس کوژران، سەرۆکی یەمەن بریندارە و لەمیسر داوای لەسێدارەدانی موبارەک دەکرێت
نوچەنێت. ئاژانسەکان
ماوەی چەند مانگێکە گرژی و ئاڵۆزی لە وڵاتانی عەرەبی بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە سەدان کەس بونەتە قوربانی، ئاڵوگۆڕیش بەسەر چەند دەسەڵات و دەسەڵاتدارێکی ئەو وڵاتانەدا هاتووە، ئەمرۆ لەئەنجامی گرژییەکانی ناوچەکە، لەسوریا ٦٧ کەس و لە بەحرەین یەک کەس کوژران، سەرۆکی یەمەن بەهۆی رۆکێت بارانەوە بریندار کراو لەمیسریش خۆپیشاندان کرا، بۆ داوای لەسێدارەدانی موبارەک.
لەدرێژەی ئەو گرژیانەی ناوچەکە، بەپێی زانیاری ئاژانسە هەواڵییەکان، ئەمڕۆ لە‌دوای ئه‌وەی به هه‌زاران خۆپیشاندەر لە‌دوای نوێژی هه‌ینی ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کانی شاری حەمای سوریا، بۆ سازکردنی خۆپیشاندان، کە بەپێی قسەی مافپەروارانی سوریا، خۆپیشاندانی ئەمرۆی ئەو شارە گەورەترین خۆپیشاندان بووە، بەڵام هیزەئەمنیەکانی سوریا بەهێزو چەک رووبەڕویان بونەتەوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش رایانگەیاند له ئه‌نجامی گولـلەبارانی ئەو هێزانە لە شاری حه‌ما به‌لایه‌نی كه‌م 67 كه‌س كوژراون و 40 كه‌سیش بریندار بوون، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانیش پڕبوونی نه‌خۆشخانه‌كانی ئەو شارە لە خۆپیشاندەری بریندار رادەگه‌یەنن و داوای خوێن بەخشین له هاوڵاتیان ده‌كه‌ن.
لەلایەکی ترەوە بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هه‌واڵه‌کانی ڕۆیته‌رز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ له شـاری دێر ئه‌لزوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، خۆپیشاندان بەردەوامی پێدراوەو هێزه‌کانی سوریا بەچەک ڕووبەڕووی خۆپـیشـانده‌ران بوونەتەوە.
ئاژانسی رۆیته‌رزیش لەزاری سه‌رۆكی مه‌رسه‌د رامی عه‌بدولره‌حمان رایگه‌یاند له‌به‌ر سه‌ختی برینی برینداره‌كانی خۆپیشاندانەکانی ئەمرۆی سوریا، ژماره‌ی كوژراوان له‌زیادبوندایه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له ژێر ناوی هه‌ینی منداڵانی ئازادی وەک ئاماژە بۆ كوژرانی منداڵان له خۆپیشاندانه‌كانی سوریادا، خۆپیشاندان بەردەوامی پێدرا، کە به‌پێی زانیاری راپۆرتی یونیسێف ی سەربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، تا ئێستا نزیکەی 30 منداڵ كوژراون.
لەدرێژەی ناڕازییەکانی خەڵکی سوریا بەپێی هەواڵی ئاژانسە هەواڵدەرییەکان هەر ئەمڕۆ، له‌هەریەک لە شارەکانی قامیشلی، ئه‌دله‌ب، عامودا، ده‌رباسیه، حه‌مس، مه‌عره نه‌عمان و له شارۆچکەکانی سەربە ده‌رعا و گونده‌كانی دیمه‌شق و دێرزۆر و ئه‌لبوكه‌مال و مه‌یادین خۆپیشاندان درێژەی هەبووە.
وەک سزادانی ئەو شارانەش کە خۆپیشاندانیان لێ دەکرێت، حکومەتی سوریا هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و ئەنتەرنێت و كاره‌با و ئاوی لێ بڕیون.
هەر لەدرێژەی ئەو گرژیانەی ناوچەکەی گرتووەوە، توندوتیژی و گرژی لەوڵاتی یەمەن بەردەوامی هەیەو ئەمرۆش بەهۆی رۆکیەت بارانکردنی مزگەوتێکی نێو باڵەخانەکانی سەرۆکایەتی، لەکاتی نوێژکردنیدا سه‌رۆکی یەمەن عه‌لی عه‌بدوڵـڵا سـاڵح و سه‌رۆک وه‌زیرانی وەڵات و چه‌ند کاربه‌ده‌سـتێـکی تری باڵای حکومه‌ت برینداربوون و 4 ئه‌فسه‌ری پاسه‌وانانی کۆماریش گیانیان لەدەست دا.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی هه‌ینی رابردوو پـێـکدادانه‌کان له نێوان هێزه‌کانی حکومەت و لایه‌نگرانی سەرۆک هۆزێک بەناوی شێخ سـادق ئه‌لئه‌حمه‌ر ڕویدا، کە تائێستاش بەردەوامی هەیە، بەپێی هەواڵەکانیش لەیەمەنەوە، چه‌کدارانی سه‌ر به عەشیرەتی ئه‌حمه‌ر به‌ره‌و سەنعا دەڕۆن تابه‌شـداری لەشه‌ڕه‌کاندا بکه‌ن.
لەلایەکی ترەوە ئەگەرچی خۆپیشاندانەکانی وڵاتی میسر گۆڕینی سیستەمی حوکم و سەرۆکایەتی وڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەمرۆش بەسەدان خۆپیشاندەر لە مەیدانی تەحریری پایتەختی وڵات کۆبونەوەو داوای هێنانەدی داخوازییەکانی خەڵکی راپەڕیوی میسریان کرد، تەئکیدیان لە دادگا‌یکردنی گه‌نده‌ڵکارانی سه‌ر به ڕژێمی پێشووی میسر‌و په‌سه‌ندکردنی یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تی نوێ و له سێداره‌درانی حوسنی موباره‌ک کردەوە.
لە وڵاتی بەحرەین، بەهەمان شێوەی ئەو وڵاتانەی پێشوی ڕوی تێکردوون، خۆپیشاندان بەردەوامە، به پێی زانیاری راپۆرتێکی که‌ناڵی پریس تی ڤی هێزه ئەمنییه‌کانی به‌حره‌ین، به هاوکاری هێزه‌کانی سعودیە کە بۆ هاوکاری بەحرەین لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران چونەتە ئەو وڵاتە، رووبەڕوی خۆپیشاندەرانی گوندی سانابیس بوونەوەو لەئەنجامدا کوژراوێک و ژمارەک برینداری لێکەوتەوە.