داعش لەڕێی موختارەكانەوە داوای ئاگربەست لە پێشمەرگە دەكات

0

نوچە.نیت

بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی شەڕەوە باس لە گۆڕانكاریی زۆر دەكەن كە بەسەر شێوازی شەڕدا هاتوون، بەڵام هێشتا كورد لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر هێڵێكی گەرمی پەیوەندییە تاوەكو چەك و تەقەمەنی زۆرتری بەدەست بگات. داعشیش بە ناڕاستەوخۆ داوای ئاگربەست لە پێشمەرگە دەكات و داوا دەكات چیدی پێشمەرگە هێرشیان نەكاتە سەر. 

بەرپرسی یەكێك لە میحوەرەكانی پێشمەرگە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ‌ چەكدارانی داعش لە تەواوی ئەو میحوەرانەی بەرامبەر پێشمەرگە وەستاونەتەوە، رووبەڕووی شكست بوونەتەوە، ئەوەش وای لێكردوون تەواو لاواز دەربكەون.

لەڕێی موختارەكانەوە داوای ئاگربەست دەكەن

ئەو بەرپرسە هەروەها ئاماژە بە هەوڵێكی نوێی چەكدارانی داعش دەكات لەگەڵ كورد و دەڵێت “لەڕێی موختار و كەسایەتییە عەرەبەكانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندایە و لە سنوورەكانی هێزی پێشمەرگەوە نزیكن، داوا لە پێشمەرگە دەكەن هێرشیان نەكاتە سەر و جۆرێك لە ئاگربەستیان لەگەڵ رابگەیێنرێ‌”.

بەڵام راگرتنی شەڕ یان ئاگربەست لەگەڵ داعش بووەتە وانەیەكی تاڵ و ئازاربەخش بۆ بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە. ئەوان هەرگیز ئەو شەوەیان لەبیرناچێتەوە كە چەكدارانی داعش، كتوپڕ ئاراستەی هێرشەكانیان پێچەوانە كردەوە بەرەو كوردستان.

عەمید سەرحەد قادر، لێپرسراوی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، چەكدارانی داعش بە “ماری كوێر” پێناسە دەكات و پێیوایە “هەڵەیە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ داعش بكەی”.

بەرپرسەكەی میحوەرێكی شەڕ، شكستی داعش لە شەڕی تكریت و ئەو شكستانەش لە دوو مانگی رابردوو بەدەستی پێشمەرگە چەشتوویانە، بەهۆكاری لاوازبوونی داعش دەزانێ‌ “كوێخا و كەسایەتی و ریشسپییەكانی ئەو ناوچەیە بەردەوام دەنێردرێن و داوا دەكەن كورد تەقەیان لێنەكات و لەبەرامبەردا ئەوانیش هێرش نەكەنە سەر كورد، بەڵام ئێمە گوێ لەو جۆرە قسانە ناگرین و ئەزموونمان هەیە”.

نزیكەی 9 مانگە، كورد بەدرێژایی هەزار و 50 كیلۆمەتر كەوتووەتە شەڕێكی قورسەوە لەگەڵ چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام.

داعش سەرەتا لەهەموو میحوەرەكانەوە پێشڕەوی كرد. كار گەیشتە ئەوەی مەترسی لەسەر هەولێری پایتەخت و كەركووك و گەرمیان دروست ببێ‌، بەڵام هێزی پێشمەرگە وەڵامدانەوەی هەڵگرت بۆ دوای تێگەیشتن لە شێواز و پلانی شەڕكردنی داعش. زۆری نەبرد پێشمەرگە بەرچاوی روون بووەوە كە خاڵە لاواز و بەهێزەكانی دوژمنە نوێیەكەی چین؟

جەعفەر شێخ مستەفا، وەزیری پێشووی پێشمەرگە كە بۆخۆی یەكێكە لە بەرپرسە سەربازییەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی شەڕ، هەرچەندە دەڵێ‌ نەمبیستووە داعش داوای ئاگربەستی لەگەڵ پێشمەرگە كردبێ‌، بەڵام دڵنیایە لەوەی “داعش لاواز بووە”. ئەو دەڵێ‌ “پێشمەرگە بەردەوام لەم سنوورەوە لاوازی كردوون و دواتریش لە تكریت شكان، ئەو هۆكارانە دیارن و خەڵك و عەشایرەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعش بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەكەن و داوای چەكدانان دەكەن”.

لە ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، هێرشێكی گەورەی پێشمەرگە بۆ ئازادكردنەوەی زوممار و سنوونێ‌ و چەند ناوچەیەكی دیكە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد. دواتر لە جەلەولا و مەخموور پاشەكشەیان پێكرا و لەوكاتەوە هێرشەكانیان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەرەوڕووی شكستی یەك لەدوای یەك دەبێتەوە.

95%ی خاكی كوردستانیان لێوەرگیراوەتەوە

لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، چەند جارێك هەموو میحوەرەكانی شەڕی بەسەركردووەتەوە و لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەكان وتوێژیان كردووە و راپۆرتی خۆیان ئامادە كردووە لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی شەڕ.

ئاری هەرسین، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ‌ “داعش لەو هەزار و 50 كیلۆمەترە سنوورەی شەڕ، لەڕووی هێرشكردن، چەك و تەقەمەنی، گواستنەوە و هاتوچۆ، لاواز بووە و زیاتر لە 95%ی خاكی كوردستان وەرگیراوەتەوە”.

ناوبراو رێگاكانی هاتوچۆ بە گرنگ دەزانێ‌ و دەڵێ‌ رێگای موسڵ – تەلعەفەریان بەدەستەوە ماوە “بەڵام سوودی زۆری لێ نابینن، چونكە رێگەی رەبیعە كۆنتڕۆڵ كراوە لەلایەن پێشمەرگە و رێگای ئاسكی مووسڵیش بە تەواوی بەدەست پێشمەرگەوەیە، ناچارن تەنیا لاڕێیەك بەكاربێنن بۆ هاتوچۆ”.

جگە لە شنگال و حەویجە و رەشاد و چەند گوندێكی ئەو دوو قەزایە، پێشمەرگە تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی لە دەست چەكدارانی داعش وەرگرتووەتەوە.

فێڵی نوێی داعش لە كەركووك

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، زانیاری نوێ لەسەر چەكدارانی داعش لە سنووری كەركووك باسدەكات و دەڵێ‌ “سەرەتا داعش پەلاماری هەر ناوچەیەكیان بدایە زۆر بە بەهێزی دەهاتن، بەڵام ئێستا لە 20 هێرشی گەورە بۆ سەر كەركووك و دەوروبەری تێكشكاون، ئێستا ئەوان لە حاڵەتی بەرگریدان”.

عەمید سەرحەد هەروەها گوتی “داعش لەم ناوچەیە بەرپرسیارێتی تەنیا بە بیانییەكان دەدا، ئێستا زۆربەی بیانییەكان لەم ناوچەیە نەماون و رۆیشتوون، داعشە كوردەكانیش بەشێكی زۆریان رۆیشتوون، بۆیە بۆ یەكەمینجار بەرپرسیارێتی ناوچەكانیان داوەتەوە بە خەڵكی ناوچەكە و پێیانگوتوون شەڕی كورد و حەشدی شەعبی بكەن بۆ ئەوەی تاڵانتان نەكەن”. گوتیشی “دڵنیاین كە لاواز بوون، بەڵام هێشتا نابێ فەرامۆشیان بكەین و ئەوانە مەترسیدارن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com