نوچە.نیت. nrt
مەسعود بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ناوهێنانی شەهیدێک بە تیرۆرست، داوای لە ڕاوێژكاری یاسایی كردووە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بكات.
بارزانی لە پەیامێکدا کە لە تۆری کۆمەلایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، بەر لە شەهید بوونی، لە نزیكەوە شەهید حوزەیفی ناسیوە كە چەند قارەمان و لێهاتوو بوو.
بارزانی دەشڵیت، ئەوەندەی بەو كارەی ئەندامەكەی پەرلەمان دڵگران بووە، ئەوەندە بە شەهید بوونی حوزەیفی ناڕەحەت نەبووە.
بارزانی ڕاشیگەیاندووە، لەسەر ئەو تەجاوزە بە هیچ شێوەیەك بێ دەنگ نابێت و بۆ ئەو مەبەستە داوای لە ڕاوێژكاری یاسایی كردووە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان هەماهەنگی بكات بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە و بە گوێرەی ڕێكارە یاساییەكان ڕێگایەك بدۆزنەوە بۆ ڕێگری كردن لەو جۆرە تەجاوزاتانە.
بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە “بە هیچ شێویەك ڕێگە بە هیچ كەسێك نەدرێت كە تەجاوز بكاتە سەر شكۆی پێشمەرگە و شەهیدان، دووبارە دڵنیابن كە بە هیچ شێوەیەك چاوپۆشی لەم كارە نابەجێیە ناكەم و بۆ من پێشمەرگە و شەهید خەتی سورە”.
حوزەیفی سەعید فەرماندەی بەشی عەمەلیات لە فەرماندەیی سپیلک ساڵی ڕابردوو لە ڕەبیعە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نێوانی هێزەکانی پێشمەرگە و داعش شەهیدبوو. هاوکات لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا جێگری سەرۆکی لیژنەوەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ناوی ئەو پێشمەرگەیەی بە تیرۆریستێکی خۆکوژ هێنابوو.