سینەماكارێكی كورد خەڵاتەكەی بەخشیە پێشمەرگە و شەڕەڤانان

0

نوچە.نیت. لە راگەیاندنەکانەوە

 

 

كۆشكی مێروولەكان خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا.
(ماڵی سینەما) رایدەگەیەنێت لەنوێترین بەشداریدا لە بیست و نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی فریبۆرگی نێودەوڵەتی لە وڵاتی سویسرا بەكورتە فیلمی (كۆشكی مێروولەكان) لە دەرهێنانی (تۆفیق ئەمانی) فیلمەكە لە دوو سانسی جیاوازدا لەبەرواری 25ی ئازار و 27ی ئازار بەئامادەبوونی بینەرێكی زۆر لەبەشی پێشبركێی كورتە فیلمە نێودەوڵەتیەكان نمایش كراو بووە جێگەی باس و سەرنجی بینەران و پێشوازییەكی گەرمی لێكراو خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی نێودەوڵەتی پێ‌ بەخشرا.

(تیری جوبین) سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی فریبۆرگ لەبارەی كورتە فیلمی (كۆشكی مێروولەكان) وتی: “بەڕاستی بۆ هەموومان مایەی خۆشحاڵیە ئەم خولەی فێستیڤاڵ لەكوردستانەوە فیلمێك بەشدارە كە لە ماوەیەكی كەمدا مێژوویەكی پڕ لە نەهامەتی و جینوسایدی گەلێكمان بۆ دەگێڕێتەوە و بەو هیوایەین كوردستان هەموو ساڵێك بەفیلمە جوانەكانی لەگەڵمان بەشداربێت”.

(ماریا لویس) ئامادەبوویەكی فێستیڤاڵ بوو لەبارەی كورتە فیلمی (كۆشكی مێروولەكان) دەڵێت: “من لەرێگەی شەڕی داعشەوە كوردەكانم ناسی و زانیم میللەتێكی ئازا هەیە بەناوی كورد، ئێستاش لەدوای بینینی (كۆشكی مێروولەكان) بینیم ئەو گەلە بەردەوام چەوسێندراونەتەوە و كوشتنیان بەرانبەر ئەنجام دراوە و جینوساید كراون، بەڕاستی چێژم لەفیلمەكە بینی و نەمتوانی نەگریم لەكاتی بینینیدا”.

لەكۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵ و لەمەراسیمی بەخشینی خەڵات، (كۆشكی مێروولەكان) خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی نێودەوڵەتی لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ پێ‌ بەخشراو لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتەكە دەرهێنەر (تۆفیق ئەمانی) وتی: “فیلمەكەی من لەسەر جینۆسایدی گەلی كوردە و خەڵاتەكەم پێشكەش دەكەم بەو پێشمەرگەو شەڕڤانانەی كەئێستا لەبەرەكانی جەنگ دژ بەگروپی تیرۆریستی داعش دەجەنگن و بەرگری لەگەلی كورد دەكەن بۆ ئەوەی نەهێڵن جارێكی تر تاوانی جینۆساید بەرانبەر كورد رووبداتەوە”.

(رولف دی هیر) دەرهێنەری ئوستورالی و لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ لەبارەی پێدانی خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی نێودەوڵەتی بە (كۆشكی مێروولەكان) وتی: ” بەدڵنیایی (كۆشكی مێروولەكان) شایەنی هەموو خەڵاتێكە، هەموو فیلمەكان جوان بوون بەڵام (كۆشكی مێروولەكان) توانی زیاتر سەرنجی ئێمە رابكێشێت كە ئەوەش راستیەكە وە سەرسام بووین بەچۆنیەتی كاركردن و ستایلی كارەكەو لەهەموو روویەكەوە زۆر بەجوانی كاری لەسەر كرابوو، وە پەیامێكی پڕ لە مرۆڤایەتی هەڵگرتبوو”.

لەپەیامی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە لەبەرانبەر دیاریكردنی (كۆشكی مێروولەكان) بۆ خەڵاتی باشترین فیلم هاتووە”بریاردان بەوەی ئەمخەڵاتەی پێ‌ ببەخشرێت لەبەر ئەوەیە لەفیلمەكەدا توانراوە زمانێكی سینەمایی و شیعری و بابەتێكی سەرنج راكێش و چیرۆكێكی مێژوویی و سیاسی بەكاربهێنرێت”.

ئەم خولەی فێستیڤاڵی ناوبراو لە 21 تا 28ی ئازاری 2015 لەشاری فریبۆرگ لە وڵاتی سویسرا بەئامادەبوونی دەرهێنەری فیلمەكەو نوێنەری ماڵی سینەما بەڕێوەچوو.

ئەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیە ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان فیلم بەشداری دەكات و بۆ ئەمساڵیش تەنیا 18 فیلمی كورت هەڵبژێردرا بوو كە (كۆشكی مێروولەكان)یش وەك نوێنەرایەتی كوردستان بەشداری تیایدا كرد.

چیرۆكی ئەم فیلمە باس لە ژیانی خێزانێكی سێ كەسی دەكات كەلە كۆشكێكی بچووك ژیان بەسەردەبەن لەیەكێك لەبیابانەكانی عێراق، بەڵام لەناكاو ڕۆژێك شتێكی نامۆ روودەدات و ژیانیان دەگۆڕێت.

فیلمی (كۆشكی مێروولەكان) جگە لەم خەڵاتە، پێشتر ئەم خەڵاتانەی بەدەستهێناوە:

“خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی افتاب لە وڵاتی ئێران. خەڵاتی بینەرانی فێستیڤاڵی فیكەی پورتوغالی 2014. خەڵاتی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وارش. خەڵاتی دووەمین باشترین كورتە فیلم لەبەشی‌ پێشبڕكێی‌ 14هەمین خولی‌ فێستیڤاڵی‌ بەیرووتی‌ نێودەوڵەتی‌ 2014. خەڵاتی باشترین فیلم لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی یەڵماز گونای لە وڵاتی توركیا 2015. خەڵاتی

باشترین كامێرا لە نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی روویش ئێران 2015. خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی فریبۆرگ 2015.

ئەم كورتە فیلمە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان و (مـاڵـی سینەمـا)یە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com