نوچە.نیت.روداوو
تیمی تایبەتی نێردراوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) و نووسینگەی یوئێنی سەر بە کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ژنێف، راپۆرتێکی هاوبەشیان دەربارەی شەڕ لە عێراق، لە ماوەی نێوان 11-7- 2014 تاوکو 10-12-2014 بڵاوکردووەتەوە و تێیدا تیشکیان خستووەتە سەر رووداوەکانی دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش.
لە راپۆرتە هاوبەشەکەی یونامی و کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ، هیچ پێشێلکارییەکی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوە و پێداچوونەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە راپۆرتە هاوبەشەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند:” ئەوەی جێگای خۆشحاڵی ئێمەیە، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ پێشێلکارییەکی هێزەکانی پیشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو راپۆرتەی هیومان رایتس وۆچە، کە ماوەیەک لەمەوبەر چەند تۆمەتێکی دابووە پاڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە تاوانکاری بەرامبەر بە عەرەبی سوننە لەو ناوچانەی شەڕی تێدایە ئەنجامداوە”.
زێباری راشیگەیاند:” راپۆرتە هاوبەشەکە، وەڵامێکە بۆ راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ، کە تێیدا ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لە بەرامبەر پێشوازیکردنی لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە، کە زۆرینەیان عەرەبی سوننەن، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە”.
لە راپۆرتە هاوبەشەکەی تیمی تایبەتی نێردراوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) و نووسینگەی یوئێنی سەر بە کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ژنێف، ئاماژە بە چەندین تاوانی چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی داعشدان دەکات، هاوکات چەندین تاوانی دیکە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننە نشینەکان تۆمارکراوە.