بایدن و مێركڵ تاوتوێى دۆسیه‌ى ئه‌تۆمى ئێران ده‌كه‌ن

0

نوچه‌نێت

سەرۆكى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وئه‌نگێلا راوێژكارى ئەڵمانیا لە ڕێى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ گفتوگۆیان دەربارەی چەندین پرس و لەوانە پرسی ئەتۆمی ئێران کرد.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا، کۆشکی سپی ئێوارەی دوو شەم ٢٥ی كانوونى دووه‌م لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند، ڕابەرانی ئەو دوو وڵاتە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، پێکەوە هاودەنگ بوون کە تاقە ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و ئاستەنگەکانی تری جیهان هاوکاریکردنی وڵاتانە.

جۆ بایدن لەو پەیوەندییەدا وتویەتی دەخوازێت هاوپەیمانێتیەکان لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕێگای ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە زیندوو بکاتەوە.

پێشتر ئاژانسى ڕۆیتەرز و هەروەها بلومبۆرگ لە دوو ڕاپۆرتی جیاوازدا نووسیبوویان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، هەر دوو سەرۆک دەربارەی پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە و بە تایبەت سەبارەت بە ئێران و ئەفغانستان گفتوگۆیان کردووە.

وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە وتووێژەکەی بایدن و مێرکڵ بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام پێش پەیوەندییەکەی ڕابەرانی ئەمریکا و ئەڵمانیا، سکای نیوز ڕۆژی دووشەم ٢٥ی كانوونى دووه‌م، ڕاگەیاندبوو کە ئیدارەی بایدن بە هەوڵی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران دەدات لە ڕێگای نێوبژیوانە ئەوروپییەکانەوە.

وڵاتانی ئەورووپا و لەوانە ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەم دواییانەدا جەختیان لەسەر هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی کردووەتەوە. هەروەها ڕۆژی دووشەم، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتبووی، تەنیا بە هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکرێ بگەین بە ئامانجەکانمان و لەوانە ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی. ئەو قسانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێنە ئاراوە کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختی لەسەر لێکەوتەکانی دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کردبووەوە.

ئیدارەی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی چووە دەرەوە و کەمپەینی ئەوپەڕی گوشاری لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕێخست. جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەڵێت ئەگەر ئێران بەڵینەکانی خۆی بە وردی جێبەجێ بکات، ئەمریکایش وەک دەستپێکی گفتوگۆی نوێ، بە مەبەستی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com