بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان و به‌رپرسانى ئێران كۆده‌بنه‌وه‌

0

نوچه‌نێت

لیژنەیەکی سیاسیی تاڵیبان بە سەرۆکایەتی مەلا عەبدولغەنی بەرادەر بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە ڕەوتی ئاشتی لە ئەفغانستان گەیشتە تاران. خولی دووەمی گفتوگۆکانی ئاشتی دەوحە بە کردەوە سڕ کراون.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی سەفەری لیژنەی سیاسیی تاڵیبانی بە سەرۆکایەتی مەلا عەبدولعەزیز بەرادەر ڕاگەیاند. بە پێێ ڕاپۆرتی هەواڵنێری سەر بە سوپای پاسداران “تسنیم” خەتیبزادە لەو بارەوە وتی: “ئەو لیژنەیە بە پێێ هەماهەنگی پێشوو و لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەم) گەیشتنە تاران و لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە پێشوازییان لێکرا”.

خەتیب زادە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “لیژنەی سیاسیی تاڵیبان لەو ماوەیەدا کە لە تارانن، چەند دیدارێکیان لەگەڵ بەرپرسان و لەوانە وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان دەبێت و دەربارەی ڕەوتی ئاشتیی لە ئەفغانستان و پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکان وتووێژ و گفتوگۆ دەکەن”.

سەفەری تاڵیبان بۆ تاران لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە گفتوگۆکانی نێوان ئەفغانییەکان لە دەوحەی قەتەر ڕاوەستاون. هەندێ لە میدیاکان باس لە سڕکردنی ئەو گفتوگۆیانە دەکەن.
بڕیار وا بوو خولی دووەمی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە ڕۆژی ٥ی جانیوەری دەست پێ بکەنەوە بەڵام دوای بەڕێوەچوونی سێ کۆبوونەوەی سەرەتایی بە کردەوە ڕاوەستا. لیژنەی حکومەتی ئەفغانستان پرسی ئاگربەسی وەک ئەولەوییەتی یەکەم داناوە و هەروەها پاراستنی فۆرمی کۆماریی هێڵی سووری حکومەتە، ئەوە لە حاڵیکدایە کە تاڵیبان وەک مەرجی سەرەکی داوای ئازادکردنی ٧ هەزار زیندانی دەکات کە ئەندامی ئەو گرووپەن و هەروەها خوازیاری دامەزراندنی حکومەتێکی نوێی ئیسلامییە. ئانتۆنی بلینکن، کاندیدی پێشنیارکراوی بایدن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی دووبارە لە نێوان ئەمریکا و تاڵیبان کردووە. بە وتەی بلینکن ئەمریکا دەیەوێ بەشێک لە هێزەکانی لە ئەفغانستان بمێننەوە.

نزیکەی مانگێک پێش ئێستا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی “گلوع نیوز”ی ئەفغانستان لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەڵوێستی تاران لە بەرامبەر تاڵیبان، وتی: “سەیر بکەن، تاڵیبان کردەوەی تیرۆریستی زۆری ئەنجام داوە. ئەوەی کە تاڵیبان گرووپێکی تیرۆریستییە یان نا؟، ئێمە لە یاساکانی خۆمان هێشتا تاڵیبانمان لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان دەرنەهێناوە. لە یاساکانی ئێمەدا هەر وەک یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک گرووپێکی تیرۆریستییە. ئێمە پێڕەوی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین”.

زەریف لەو دیمانەیەدا پڕچەککردنی تاڵیبانی لە لایەن ئێرانەوە ڕەت کردەوە بەڵام دانی بەوەدا نا کە تاران و تاڵیبان پێکەوە پەیوەندییان هەیە: “ئێمە هیچ کات نەمانووتووە لەگەڵ تاڵیبان پەیوەندیمان نییە. مەلا بەرادەریش هات بۆ ئێران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دیداری کرد. بۆیە ئەویش لەوانەیە لە ئێراندا هەندێ چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی ئێمە هەبووبێت. ئێمە هەرگیز ئەوەمان نەشاردووەتەوە، دەوڵەتی ئەفغانستانیش لەوە ئاگادارە”.

زۆبەیحوڵا مۆجاهید، وتەبێژی تاڵیبان بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە ئەکاونتی تویتەر قسەکانی زەریفی بە “نەزانانە”، “دەستێوەردەرانە” و “دوور لە ڕاستی” ناو برد.

پێشتر حەمید دێهقان پودە، باڵوێزی نوێی ئێران لە دەوحە دوای دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی سیاسیی تاڵیبان، لە پەیامێکدا لە تویتەر وەک “بزووتنەوەی تاڵیبان” ناوی برد و ئەوەش ڕەخنەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com