نوچه‌نێت
بڕیاره ئه‌مڕۆ شاندى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق كۆببێته‌وه وتاوتوێى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات و په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتیش ده‌ڵێ، ئه‌مه دوایین هه‌وڵى شانده‌كه‌یه.
رێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاندووه، شانده‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه و هه‌ر له ئه‌ندامانى پێشوو پێكهاتووه و ئامانجى سه‌ره‌كیشیان جێگیركردنى پشكى هه‌رێمى كوردستانه له پڕۆژه یاساى بودجه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێ، هه‌رێمى كوردستان رازییه 250 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه و داهاتى ده‌روازه سنوورییه‌كان راده‌ستى به‌غدا بكات و له‌به‌رانبه‌ردا پشكه‌كه‌ى جێگیر بكرێت.
هاوكات عوسمان كه‌ریم ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان به ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ده‌ڵێ، به‌هۆى ئه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانى تازه له نه‌خۆشى كۆرۆنا چاكبووه‌ته‌وه، به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه ناكات و ئاواتى شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌رۆكایه‌تى شانده‌كه ده‌كات.
له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانى ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێ، “شانده‌كه ته‌واوى زانیارییه‌كانى هه‌نارده‌كردن به لیژنه‌كه ده‌دات و ئه‌مه دوایین هه‌وڵى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت بۆ رازیكردنى به‌غدا به جێگیركردنى پشكى هه‌رێم له بودجه‌دا”.