په‌یوه‌ندى ماكرۆن و ئه‌ردۆغان به‌ ئاسانى هێور نابێته‌وه‌

0

نوچه‌نێت

ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئارەزووی تورکیا رووندەبێتەوە بۆ دروستکردنی هێڵی گفتوگۆ لەگەڵ فەرەنسا، دوای چەند مانگ لە گرژی، کە ئەوەندەی نەمابوو لە مانگی ئابدا بگاتە ڕووبەڕووبوونەوەی کەشتیگەلی ئەو دوو وڵاتە لە دەریای ناوەڕاستدا.

ئێستا قسە بە یەکدی وتن و سووکایەتی بە یەککردن کۆتاییهات و هەریەک لە ئەردۆغان و ماکرۆن نامەی دۆستانەیان ئاڵوگۆڕکرد. ئەردۆغان لە سەری ساڵی نوێدا نامەی بۆ ماکرۆن نارد و هیوای سەرساڵێکی بەختەوەرانەی بۆ خواست، ماکرۆنیش وەڵامی دایەوە و جگە لە هەمان هیواخوازی، بە دەربڕینی تورکییانەی “ئازیزم تەیب” سڵاوی بۆ نارد، ئەمە وەکو ئەوەی مەولود چاویشئۆغلو وەزیری دەرەوە ڕایگەیاندووە.

ئەوە بوو دوای گرژی و هەڕەشەوگوڕەشەکان، تورکیا گەڕایەوە و لەسەر زاری ئەردۆغان و چاویشئۆغڵۆوەوە ئارەزووی خۆی پیشاندا بۆ وەلانانی جیاوازییەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری. ئەردۆغان پەیوەندیکرد بە راوێژکاری ئەڵمانیا و پاشان سەرۆکی کۆمیسیاری ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤان دێر لاین- ەوە بۆ پیشاندنی ئارەزووی زۆری تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لە ئەوروپا “کە تورکیا ئینتیمای بۆی هەیە”.

بۆ ڕێگاخۆشکردن بۆ نزیکبوونەوەی زیاتریش، چاویشئۆغڵوی نارد بۆ بەرشەلۆنە، کە سەرۆکایەتی یەکێتیی ئەوروپای لە ئەڵمانیا وەرگرتووە. لە کۆبوونەوەشدا لەگەڵ ٢٧ باڵیۆزی یەکیتیەکە لە ئەنکەرە، سەرەتا چاویشئۆغلۆ و دواتر ئەردۆغان ئارەزووی تورکیایان پیشاندا بۆ گێرانەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەوروپا بۆ ڕێڕەوی جارانی و ئەوەی کە تورکیا پێگەی خۆی وەربگرێت لەناو خێزانی ئەوروپیدا.

سەبارەت بە فەرەنساش ئەوە ئەردۆغان بە باڵیۆزەکانی وتبوو کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی هەردوولا لە گرژی و ئاڵۆزی ڕزگار بکات، ئەو پەیامە “کە لە ڕێگەی ناوەندگیرانەوە بوو” دواتر راستەوخۆ لەلایەن ئەردۆغان بۆ ماکرۆن دووپاتکرایەوە. سەرەتا چاویشئۆغلو بە تەلەفۆن پەیوەندی بە جان ئێف لۆدریانی هاوتای فەرەنسی کردووە و لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێککەوتوون بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، ئێستا چاویشئۆغڵو ئاشکرای دەکات سەرەتا بە تەلەفۆن هەردوو سەرۆک قسە دەکەن و پێدەچێ لە ڕێگەی ڤیدیۆش پەیوەندی بەیەکەوە بکەن بەر لە کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو.

چاویشئۆغڵو دەڵێت نامەکەی ماکرۆن زۆر ئەرێنی بووە و ئارەزووی خۆی دەربڕیوە بۆ دیداری ئەردۆغان. لە چاوەڕوانیی هاتنەئارای دیداری ئەردۆغان و ماکرۆندا، هەردوو وڵات بڕیاریانداوە گفتوگۆکانیان چڕبکەنەوە لە بابەتەکانی تیرۆر و دۆسیەکانی سوریا و لیبیا. پرسیاری سەرەکی لە پاریس و برۆکسل و پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپا ئەوەیە ئایا ئەو هۆکار و پاڵنەرانە چی بوون کە وایان لە هەردو وڵات کرد جارێکی دیکە لەیەکتر نزیکبنەوە. ئەوەى دیارە ئەوەیە تورکیا زیاتر بەپەلەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.

بە وتەی کلیمان بون وەزیری فەرەنسا بۆ کاروباری ئەوروپا، دەرککردنەکەی تورکیا بۆ سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بەسەر تورکیادا دەگەڕیتەوە. ئەو وەزیرە فەرەنسییە دەڵێ “پاکێجەکانی ئەوروپا، بەرهەمی خۆیان دەدەن” و “سزاکان بەسەر کەس و کۆمپانیا تورکییەکان بەردەوامدەبن”. بەڵام لایەنی فەرەنسی، سەرەڕای نامەگۆڕینەوە و پیشاندانی نیازپاکی، وادیارە گومانی لە نیازی تورکیا هەبێت. ئەوە بوو پێشووتر لۆدریان لە قسەکردنیندا لەبارەی تورکیاوە وتی کە وڵاتەکەی “کرداری دەوێ نەک گوفتار”، هەروەک سەرچاوەکانی کۆشکی ئیلیزێ ئاماژەیان بەوەکرد کە فەرەنسا “داوای هەنگاوی بەرجەستە دەکات” لەلایەنی تورکییەوە.

بەڵام چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە پاریسەوە و بە لەبەرچاوگرتنی بابەتی سزاکان و کاریگەرییان لەسەر تورکیا، بە “شەرقولئەوسەت”یان وت کە “پێویست ناکات گرنگیی ئەم سزایانە زیاد لە پێویست گەورەبکرێت” چونکە وەک ئەوان دەڵین سزاکان سووکن و تەنیا بەسەر ژمارەیەکی کەمی کەس و کۆمپانیای تورکیدا سەپێنراون و پێشووتریش لە ٢٠١٩ ئەوروپا سزای لەمشێوەیەی بەسەر تورکیادا سەپاندووە. بەپێی ئەم سەرچاوانە، خواستی نزیکبوونەوەی تورکیا لە پاریس هۆکارەکەی ئەوەیە وا بکات فەرەنسا نەبێتە لەمپەر لەبەردەم نزیکبوونەوەی تورکیا لە یەكیتی ئەوروپا.

جگە لەو هۆکارانە، دوو هۆکاری دیکەش هەن: حاڵەتی ئابووریی ڕوو لە داڕوخانی تورکیا لەلایەک و لەلایەکی تر هەوڵی پێشوەختەی تورکیا بۆ ئامادەسازیی بۆ قۆناغی دەسەڵات وەرگرتنی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا و ترسی تورکیا لە گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر تورکیا، بەجۆرێک جۆ بایدن هەمان تێگەیشتنی بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆگان نەبێ کە ترەمپ هەیبوو لە بابەتی سوریا و لیبیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت یەکێتی ئەوروپا. لێرەوە پیویستی بە ئەوروپایە، ئەوروپاش خوازیاری هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێیە لەگەڵ تورکیا.
ئەوەتا بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکی کۆمیسیاری ئەوروپا و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا سەردانی ئەنقەرە بکەن، بەر لەوانیش چاویشئۆغلو سەردانی برۆکسل دەکات، بۆ گفتوگۆی ڕێگاخۆشکەر. هەروەها بۆ پیشاندانی نیازپاکی لە ٢٥ی ئەم مانگەدا و لە ئەستەمبووڵ کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی لەنێوان شاندی یۆنانی و تورکی دەکرێت بۆ باسکردن لە ناکۆکییەکان.

تورکیاش داواکاریی لە ئەوروپا زۆرە، چونکە تورکیا ئەوروپا بە بێوەفایی تۆمەتبار دەکات بەرامبەر ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ تورکیا هەیان بوو سەبارەت بە پەنابەران، هەروەها سەبارەت بە نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی یەکێتی گومرگی و هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا بۆ گەشتی هاووڵاتییانی تورکیا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی چوونەڕیزی یەکێتیی ئەوروپا کە چەند ساڵێکە ڕاوەستاون، لەکاتێکدا ١٦ ساڵ بوو دەستیان پێکردبوو.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین لە بەرژەوەندیی پاریسیشدایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا زیندووبکاتەوە. زۆرێک لە شرۆڤەکاران لە پاریسەوە پێیانوایە گرژبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا سوودی نەبووە و گرژییەکان زیاد لەپێویست ڕۆیشتوون و لە بەرژەوەندی پاریس نەبوون، هەروەک پاریس نەیتوانیوە ڕێگە لە پەلهاویشتنی تورکیا بگرێت.

جگە لەمە، دژایەتیی پاریس بۆ تورکیا ئەو پشتیوانییە ئەوروپییەی بەدەست نەهێناوە کە فەرەنسا هەوڵی بۆ دەدا، نەک هەر ئەوە، دوو دەوڵەتی سەرەکی وەکو ئیسپانیا و ئەڵمانیا دژی ئەو هەنگاوەی فەرەنسا بوون.

زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا وایدەبینن تورکیا ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە و کارێکی باش نییە لەپێناوی رازیکردنی سەرۆکی فەرەسادا لە ئەوروپا دوور بخرێتەوە. تورکیاش ئەم جیاوازی بۆچوونەی نێوان وڵاتانی ئەوروپای بۆ بەرژەوەندیی خۆی قۆستووەتەوە. بەڵام ئەمانە و دیاریکردنی نیازانە بە هیچ جۆرێک بە مانای ئەوە نایەت کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و فەرەنسا ئاسان دەبێت، چونکە لایەنەکانی بەریەککەوتن و جیاوازیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ئاسانی ناڕەونەوە، ئەوەتا نە تورکیا وازی لە هەڵپە داگیرکاریەکانی هێناوە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، نە وازیشی لە هەڵپەکانی لە سوریا و لیبیا هێناوە، لەولاشەوە پاریسیش ئامادە نییە ڕێگا چۆڵ بکات هەژموونی تورکیا گەشەبکات و ئەمیش تەنیا تەماشاکەر بێت. بۆیە هێشتا زووە باس لە ئاساییبوونەوە بکەین لەنێوان هەردوولا، کە چەند مانگێکە لە دۆخێکدا دەژین پڕ لە یەکتر تۆمەتبارکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ.

سه‌رچاوه‌: شه‌رق ئه‌وسه‌ت

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com