بۆچی ئێستا زیاتر لە هەموو کات ئەمریکا گرێدراوی هاوپەیمانێتییەکانە؟

0

بەرگری لە قووڵاییدا

جیهان بۆ ئەمریکا یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نابێتە شوێنێکی ساناتر و پارێزراوتر. تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ستراتیژی بەرگری نیشتمانیی ساڵی ٢٠١٧ باسی لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتی کرد کە تیایدا پشێوی و ناسەقامگیری زیاتر، پێشبڕکێی ستراتیژیکی درێژخایەن، بڵاوبوونەوەی خێرای تەکنۆلۆژیا و لە لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە ڕووی لە زیادبوونە. پاراستنی ئەمریکا پێویستی بە ستراتیژی بەرگری لە قووڵاییدا هەیە-، واتە ناسین و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە جیهانییەکاندا لەو شوێنانەی کە سەر هەڵدەدەن لە جیاتی ئەوەی چاوەڕوان بین هەڕەشەکان بگەنە کەنارەکانی ئەمریکا.

بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی بەرگری لە قووڵاییدا، تەنها ئەوە بەس نییە ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە بەهێز بکرێتەوە، تەنانەت ئەرکی خێرای بەهێزکردنەوەی دیپلۆماسییەتی ئەمریکا و ڕەگەزە مەدەنییەکانی تری هێزی نیشتمانی ئەمریکا بەس نیین. بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی نیشتمانی پێویستە لەو حەقیقتە بنەڕەتییەوە دەست پێ بکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانێ خۆی یان بەرژەوەندییەکانی بە بێ یارمەتی “ئەوانی تر” بپارێزێت. هاوکاری نێودەوڵەتی ئەو دەرفەتە بۆ ئەمریکا دەڕەخسێنێ هاوکات لەگەڵ گردبوونەوە و کۆبوونەوەی هەڕەشەکان، لە دوورەوە بیانبینێت و هەڵوێست بگرێ، لە جیاتی ئەوەی چاوەڕوانیی ئەوە بکات هەڕەشەکان لێی نزیکتر ببنەوە و بەو جۆرە شکستپێهێنانیان زۆر قورستر و مەترسیدارتر بکات. شکستدانی هەڕەشە تازە سەرهەڵداوەکان بە تایبەت گرنگی دەدا بە بینینی هەڕەشەکان لە دەرەوەی سنوورەکان، چونکە بینینی هەڕەشەکان لە دەرەوە ڕێگا دەدا پێشوەخت لێیان ئاگادار بین و بە خێرایی خۆمان لەگەڵ گۆڕانکارییە چاوەڕوان نەکراوەکان ڕێک بخەین.

بەو تواناوە کە سوپای ئەمریکا هەیەتی، دوژمنە سەرەکییەکانی ئەمریکا زیاتر بە هۆی تۆڕی هاوپەیمانێتییەکانەوە کەوتوونەتە تەنگناوە نەک بە هێزی سەربازی خۆدی ئەمریکا. بەڵام شکستی بەردەوام لە بواری پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان و دۆستانی ئەمریکا و هاوکاریکردن لەگەڵیان بە مەبەستی پێکهێنانی ژینگەیەکی نێودەوڵەتی، مەترسی  پووکانەوەی ئەو تۆڕە دێنێتە ئاراوە [ واتە گژووگیای هەرز باخچەیەک کە چەندین ساڵ خزمەتی کراوە دەخنکێنێ]. تەنانەت خراپتر لەوەش، دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی تۆڕی هاوپەیمانێتی ڕکابەر و بیرکردنەوە لە هێنانە ئارای سیستەمێکی نێودەوڵەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تیایدا پەراوێز خرابێ و بەو جۆرە و لەبەر ئەوەی کە لەو سیستەمەدا بەشدار نابێ توانای کاریگەریدانانی لەسەر ئەنجامەکان لە دەست بدات.

ئەمڕۆکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرقاڵی لاوازکردنی سیستەمێکی نێودەوڵەتییە کە بە ئاشکرا لە قازانجی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بووە، ئەوەش رەنگدانەوەی نائاگاییەکی بنەڕەتییە دەربارەی ئەوەی کە هەم هاوپەیمانێتییە بەهێزەکان و هەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تا چ ڕادەیەک بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی قووڵایی ستراتیژیک گرنگن. بە کردەوە، ” یەکەمجار ئەمریکا” مانای “ئەمریکا بە تەنها” دەدات و ئەوەش توانای وڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێش ئەوەی بگەنە خاکی ئەمریکا لە نێو دەبات و بەو شێوەیە مەترسی هەڕەشە نوێ و هەڵکشاوەکان زیاتر دەکات.       

مەترسییەکانی [دروشمی] ئەمریکا بە تەنها

وا دیارە لایەنگرانی ڕوانگەی ئێستای سەرۆک کۆماری [ترەمپ] بڕوایان وایە کە وڵاتانی تر بژاردەیەکیان نییە جگە لەوەی قایل بن بە خواستەکانی ئەمریکا و خۆیان لەگەڵ مەرجەکانی بگونجێنن. ئەمە وەهمە. وڵاتانی سەربەخۆ هەمیشە چەندین بژاردەیان هەیە: سازش لەگەڵ پەلاماردەران، هەڵوێستگرتن لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، خۆبواردن لە یارمەتیدان بە ئەمریکا لە کاتێکدا ئەمریکا پێویستی بە یارمەتی ئەو وڵاتە هەبێ یان هاوکاری لەگەڵ لایەنی تر لەو چالاکیانەدا کە ئەمریکا تیایاندا بەشدار نەکراوە. ئەگەرنا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بێباکی دوژمنان و هاندانی تاقیکردنەوەکان بۆ ڕێژەی پابەندبوونی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی.   

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنانەت ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێ بە تەنیایی خۆی بپارێزێ. لە بنەڕەتدا، بۆ پاراستنی شێوازی ژیانی پێویستی بە یارمەتی هەیە. هاوکاریکردن لەگەڵ نەتەوە هاوبیرەکان بۆ پاراستنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی کە ئاسایش و خۆشگوزەرانی دوو لایەنەی تێدا دابین بکرێت ڕێگایەکی سوودمەندترە بۆ دەستبەرکردنی ئەو یارمەتییە. بەڵام جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە بە مانای بەرەنگاربوونەوەی کەڵکەڵەی بەدەستهێنانی زیاترین ڕێژەی دەستکەوتە بۆ ئەمریکا لەسەر حسابی ئەو وڵاتانەی کە ئامانجی هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە، بە پێچەوانەوە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە بە مانای کەڵکوەرگرتن لە فاکتەرەکانی هێزی ئیلهامبەخشە بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئامانجی هاوبەش کار دەکەن.

ئەو پەیوەندیانەی نێو هاوپەیمانیش پێویستییان بە ستراتیژییەکی پێشەنگە، واتە ئامادەبوونی دیپلۆماتەکان و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئاسیا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی متمانەبەخشین لەوەی کە ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێ. ئەو ئامادەبوونە و ئەو پەیوەندیانە کە بە هۆیەوە دێنە ئاراوە پێکەوە سەنگەرێک و زەربەتگیرێک و سیستەمێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا درووست دەکەن کە کات و مەودامان پێ دەدا بۆ ئەوەی لە کاتی سەرهەڵدانی هەڕەشەکاندا ڕووبەڕوویان ببینەوە. گەڕاندنەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان، عێراق و شوێنەکانی تر بە بیانووی کۆتاییهێنان بە شەڕی “بێ ئەنجام” یان “هەتا هەتایی” [بەو جۆرەی کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ و جۆ بایدەن سەرۆکی هەڵبژێردراو باسی لێ دەکەن] لە جیاتی پشتیوانیکردن لە وڵاتانی دۆست بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵیان لەسەر خاکەکەیان، تێنەگەیشتن لە بابەتەکەیە. لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە کە ئەو وڵاتانە بەهێز بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی کە بۆ ئەمریکا جێگای نیگەرانین. ئەوە کارێکی خێرا و یەک لایەنە نییە، بەڵام سەرمایەگوزارییەکە بۆ ئاسایشی زیاتر و بەدیهێنانی پەیوەندی پتەوتر و باشترە لەوەی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی نادیار بە تەنیا هەوڵی پاراستنی خۆی لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا بدات.

هەروەها هاوپەیمانێتییەکان تەواوکەر و کامڵکەری توانا سەربازییەکانی ئەمریکان. ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ساڵی ٢٠١٧ لەسەر گریمانەی زیادبوونی %3 بۆ %5ی بودجەی سەربازی ڕاستەقینە بۆ بەشی بەرگری داڕێژراوە. ئەو گریمانەیە هەڵقوڵاوی واقعیەتە سیاسییەکان نەبوو، بەڵام چڕبوونەوە لەسەر هاوبەشییەکان و هاوکارییەکان [ ڕوانین بۆ پرسی دابینکردنی ئاسایش وەک وەرزشێکی تیمی] دەتوانێ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی داخوازییەکان لە هێزەکانی ئەمریکا. ئەوە پێویستی بە سەرمایوگوزارییەکی بەرچاو هەیە بۆ یارمەتیدان بە بنیاتنانی هاوپەیمانێتی بەهێز و خاوەن ئیرادە و بۆ دانوستان و جێبەجێکردنی بەکۆمەڵی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی درووستکردنی بەربەست بۆ دوژمنان و هەروەها بۆ پاراستنی بنکەیەکی پیشەسازی کە بتوانێ پێداویستیەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بواری بەرگریدا دابین بکات و یارمەتیدەر بێ لە دابینکردنی پێداویستییەکانی سەرەکیترین هاوپەیمانەکانیدا. لە کاتی خۆیدا قازانجی ئەم جۆرە سەرمایەگوزارییە لە تێچووەکەی زیاتر دەبێ، چونکە ئەو سەرمایەگوزارییە ئەو توانایە بە هاوپەیمانان دەدا کە بەرپرسیارییەتی زیاتر لە ئەستۆ بگرن.

سەرچاوەکانی [وەزارەتی] بەرگری ناتوانن جێگرەوەی زۆرێ لە فاکتەرە مەدەنییەکان بن کە کاریگەرن لە دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانیدا: دیپلۆماتەکانی وەزارەتی دەرەوە، ئابووریناسەکان لە وەزارەتی خەزێنە و فیدراڵ ڕزرو، دانوستانکارە بازرگانەکان لە ژووری نوێنەرایەتی بازرگانی ئەمریکا، پسپۆڕانی کەرتی تەندرووستی گشتیی لە ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکان، پارێزەران لە دادگای نیونەتەوەیی نێوبژیوانی، پسپۆڕانی کاروباری دارایی گەشە لە بانکی هاوردە-هەناردە و لە ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەشەی نێودەوڵەتی و هەروەها زانایانی تەکنۆلۆژیا لە کۆمۆیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدرال.  

هۆکاری زۆر باش هەن بۆ سەرمایەگوزاری لەو بوارانەی سەرەوە و لەسەر ئەو ئامرازانە. کاتێ سوپا لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی خۆی لا دەدا، هەم توانا و هەم ڕەوایی و شەرعییەتی کەمتر دەبێتەوە. وەزارەتی بەرگری دەتوانێ خزمەت بکات بۆ بەهێزکردنی دیپلۆماتەکان لە دەرەوە و لە نێوخۆشدا پشتگیری لە بەرپرسانی مەدەنی بکات لە ڕێگای یارمەتیدان لە بواری لۆجیستیک، چارەسەرکردنی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان یان گرێبەستی پێویست، بەڵام پێویستە وەک پاڵپشت بمێنێتەوە نەک ڕێکخراوەیەکی پشتیوانیکراو و دەبێ بە جدی خۆی لە تێڕوانینی سیاسیی دوور بگرێ، هەر وەک چۆن لە ڕووداوی مەیدانی لافایتی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ئەو هەڵوێستەی لە بەرانبەر ترامپ گرت. هاوسەنگکردنی سەوەتەی ئاسایشی ئەمریکا بەم شێوازە، واتە بە یارمەتی هەمەلایەنە و کاریگەرتری سەرچاوە مەدەنییەکان، بە شێوەی سرووشتی دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەگەز و فاکتەرە سەربازییەکان کەمتر بەرجەستە بن بە بێ ئەوەی توانای بەرگری ئەمریکا لاواز ببێت. هەروەها ڕێگری دەکات لە پشتبەستنی لە ڕادەبەدەر بە سوپا کە دەبێتە هۆی پووکانەوەی نەریتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بواری حوکمڕانی مەدەنی و سوودەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد.

هەروەها کاتێ باس لە پاراستنی تۆڕی هاوپەیمانێتییەکان و هاوبەشییەکانیش دەکرێ، ئەو جۆرە هاوسەنگکردنەوەی ستراتیژی ئەمریکا لە بواری ئاسایشی نیشتمانیدا پێویستە. بە سەربازیکردنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەتوانێ سەرنجڕاکێشی و دڵڕفێنی مۆدێلی ئەمریکی لە نێو ببات، ئەو دڵڕفێنییەی کە وا دەکات وڵاتانی تر بە ئاسانی پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بکەن. هەروەها دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دابەشکارییەکی ناتەندرووستی کاروبارەکان، واتە لە حاڵێکدا ئەمریکا پشکێکی زیاتر لە مەترسییەکانی بەردەکوێ لەبەر ئەوەی پشکی لە بواری سەربازیدا زیاترە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا پشکی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ یارمەتیدان بە ڕەوتی گەشە یان شێوازی حوکمڕانی [باش].   

کۆتایی یەکەمجار ئەمریکا

هەڕەشەیەکی سەرەکی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆکە لە دەرەوەی سنوورەکان بەرەوڕوویەتی بریتییە لە هەڕەشەی “چین”ی شەڕەنگێز و پێداچوونەوەخواز، واتە ئەو تاقە تەحەداکەرەی کە لەوانەیە بتوانێ شێوازی ژیانی ئەمریکا لە نێو بەرێت. سەرەڕای ئەوە، پێویستە ئامانجی ئەمریکا نەک هەر ڕێگریکردن لە شەڕی وڵاتانی زلهێز بێت بەڵکو دەبێ هەوڵ بۆ جێگیرکردنی ئاشتی نێوان وڵاتانی گەورە و هاوکاریکردن بە مەبەستی پەرەپێدان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بدات. بۆ ئەو مەبەستە هاوپەیمانان و هاوبەشیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن.

پاراستنی ستراتیژی سەربازی ئەمریکا بە شێوەیەکی جێ متمانە لە ئاسیادا پێویستی بە هەندێ گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون هەیە لە چەند بەرەیەکدا: بەرپرچدانەوەی ئەتۆمی کاریگەرتر، بەرزکردنەوەی تواناکان لە بۆشایی ئاسمان و لە بواری سایبەری، پێشخستنی بەرفراوانی توانای داڕشتنی هێزی سەربازی و ئیرادەکردن بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکان لەو بەشانەی کە ئەولەوییەتی کەمتریان هەیە بۆ ئەو بەشانەی کە گرنگترن. لەبەر ئەوەی چین لە ستراتیژییە ناهاودەقەکان [asymmetric]و داهێنان و نوێگەری لە بواری تەکنۆلۆژیا کەڵک وەردەگرێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پیویستی بە ڕێبازێکی هەمەلایەنەیە بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی سەرتری خۆی هەیە کە زۆر جاریش هەر وا بووە. سرووشتی پێشبڕکێ لە بەراورد لەگەڵ شەڕی سارد بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕدراوە: پێشتر ململانێکان بۆ بە دەستهێنانی پێگەی سەرتر لە بواری تەکنۆلۆژیا لە تاقیگە نیشتمانییە نهێنییەکان و شوێنەکانی تر کە بە پاڵپشتی حکومەت دەگەیشتنە ئەنجام، بەڵام ئەمڕۆکە پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیاکانی بواری سەربازی بە شێوەیەکی بەربڵاو بە هۆی بەرزبوونەوەی خواستی کڕیاران لە کەرتی بازرگانیدا پەرە دەستێنن، نەک بە فەرمانی دەوڵەت. پێویستە بە خێرایی ئەم تەکنۆلۆژیا تێکەڵ بە چەک و پلانەکانی تری بەرگری بکرێت بە مەبەستی بەهێزکردنەوە و بووژاندنەوەی چەمک و دکتورینە مەیدانییە نوێکان.

ئەوە هەروەها بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتییە بەهێزەکان لە ئاسیادا پیویستە، بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی ئۆسترالیا، یابان و کوریای باشوور، هەروەها بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش و لەوانە هیند، ئەندەنۆسیا و ڤیێتنام کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە پاراستنی هەرێمێکی ئازاد و کراوەدا، هەروەها بۆ بەشداریکردنی کامڵتر و کاری زیاتر بۆ پێشخستنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی چین نەتوانێ کەڵکی نەبەجێیان لێ وەر بگرێت لە زیانی ئەمریکا. هەروەها کاتێ باس لە بەهێزکردنەوە و فرەچەشنکردنی زنجیرە سەرەکییەکانی دابینکردنی کاڵا و ماددە پێویستەکان (بە تایبەت سەبارەت بە سەرچاوە دەگمەنەکانی زەوی) و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەستراوەیی بە وڵاتی چین-ەوە بۆ دابینکردنی ئەو کاڵانە دەکرێ، ئەو هاوکاریانە زۆر گرنگن. ئەم پەتایەی دوایی بە شێوازی ترسناک ئەوەی بەرجەستە کردەوە.  

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نابێ گوشار بخاتە سەر وڵاتان بۆ ئەوەی یەکێک لەو دوو زلهێزە [چین و ئەمریکا] هەڵبژێرن. ڕوانگەی “لەگەڵ ئێمە یان لە دژی ئێمە” لە قازانجی چینە، چونکە ڕەونەقی ئابووری هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە بازرگانی ئازاد و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ پەکین. لە جیاتی هەڕەشەکردن لە وڵاتان بۆ ئەوەی ببنە بارمتەی کێبەرکێی وڵاتانی زلهێز، ڕوانگەیەکی باشتر جەخت لەسەر کۆدە هاوبەشەکانی ڕەفتار دەکاتەوە و دەوڵەتەکان هان دەدات ڕاشکاوانە ئاسۆی داهاتووی سەروەری وڵاتەکەیان و ئەو جۆرە هاوبەشیانەی کە پێویستە بە دوایدا بگەڕێن بخەنە ڕوو. ئەوە هەروەها دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ژینگەی هاوکاری کە تیایدا هەموو وڵاتان بە پشتیوانیکردن لە سیستەمێکی یاسامەند دەتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ پەرەپیدان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان. هاوکاری لە نێوان سیستەمە ئایدۆلۆژیکە جیاوازەکان دژوارە بەڵام پیویستە، و دەبێ دەرفەت بەڕخسێ بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ چین لەو ناوچانەی کە بەرژەوەندییەکان هاوتەریبن، بۆ نموونە لە بواری بەرپرچدانەوەی پەتا، گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی ئەتۆمی.

لە مانگی جانیوەری، کاتێ سەرۆک بایدەن و تیمی ئاسایشی نیشتمانییەکەی دەست دەکەن بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێمە هیوادارین خێرا پێداچوونەوە بە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیدا بکەن بە مەبەستی سڕینەوەی “یەکەم ئەمریکا” لە ناوەڕۆکی ئەو ستراتیژییە و پابەندبوونەوە بە بەڵێنەکان سەبارەت بە ئاسایشی هاوبەش کە دەیان ساڵە خزمەتی باشی بە سیاسەتەکانی ئەمریکا کردووە. باشترین ستراتیژی بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزراوی و بەختەوەری، بریتییە لە وزەپێدان بە هیزی سەربازی ئەمریکا لە ڕێگەی زیادکردنی ئامرازە مەدەنییەکان و نوێکردنەوە و بنیاتنانەوەی تۆڕی هاوپەیەمانێتییە بەهێزەکان، کە هەر دووکیان بۆ جێبەجێکردنی بەرگری لە قووڵاییدا پێویستن. پێویستە ئەم پەتایە وەک وەبیرهێنەرەوەیەک چاو لێ بکەین بۆ ئەوەی بزانین تووشی چ خەم و پەژارەیەک دەبین ئەگەر چاوەڕوانی نزیکبوونەوەی کێشەکان بکەین.

نووسەران: کۆری شچەک، جیم مەتیس، جیم ئیڵیس، جۆ فێڵتێر

سەرچاوە: foreignaffairs

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com