چاوەڕوانی کوردی تورکیا لە سەرۆک بایدن چییە؟

0

سیبه‌ل هۆرتاش

حیزبە سیاسییەکانی کورد لە تورکیا بەوپەڕی وریاییەوە چاوی هیوایان بڕیوەتە سەرۆک کۆماری بایدەن.

کوردەکانی تورکیا بە گەشبینییەکی وریایانە کاردانەوەیان پیشان دا بەرامبەر سەرکەوتنی جۆ بایدن جێگری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، بەو هیوایەی سیاسەتەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا تورکیا ناچار بکات ڕوانگەیەکی ئاشتیخوازانەتر سەبارەت بە کورد بگرێتەبەر، ئەوەش پاش ئەو کەمترخەمییەی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا لە دژی گرووپە کوردییەکان لە نێوخۆی تورکیا و لە سوریا لە خۆی نواند.

یەکێک لەو لایەنە هیوادارانە بریتییە لە پارتی دیموکراتی گەل (HDP) کە لایه‌نگری کوردی تورکیایە و سێیەمین حیزبی سەرەکییە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە. HDP بووەتە ئامانجی سەرەکی پەلامارەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕەوتی سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسیی لەو وڵاتەدا چونکە سەدان ئەندامی ئەو حیزبە و لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش یەکێک لە هاوسەرۆکانی ئەو حیزبەی زیندانی کرد.

هیسیار ئۆزسۆی جێگری هاوسەرۆکانی HDP بۆ کاروباری دەرەوە، سەرهەڵدانی گەشبینییەکی وریایانەی لە نێو کوردەکاندا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پشتڕاست کردەوە و ڕەخنەکانی بایدنی سەبارەت بە نەرمی نواندنی ترامپ بەرامبەر بە ئەردۆغان وەبیرهێنایەوە.

بایدەن لە کۆتاییەکانی ٢٠١٩ بە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند “ئەردۆغان دەبێ باجی هەڵوێستەکانی بدات… پێم وایە ئەوەی ئێمە دەبێ بیکەین ئەوەیە ئێستا ڕوانگەیەکی جیاواز لەو بگرینە بەر… ڕوونیشیکردنەوە کە ئێمە لە پێگەیەکداین کە ڕێگایەکمان لەبەردەستە بۆ نزیکبوونەوە لەو کوردانەی کە دەیانویست لە پەرلەماندا بەشدار بن”.

هەروەها بایدن ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ترەمپ گرت سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و چرا هەڵکردن بۆ ئوپەراسیونی سەربازی تورکیا لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) بە ڕابەرایەتی کوردەکان لە تەشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ کە گورزێکی گەورەی دا لە دەستکەوتە نیشتمانییەکانی کوردەکان لە سوریا. هەروەها بایدن وتی “دوایین کارێ کە دەتوانم بیکەم ناچارکردنییەتی بەوەی سەرنج بداتە کوردەکان”.

یەکێک لە یاساناسەکانی HDP بە ئەلمانیتۆری وت “ئەوە ڕاستە، ئەگەر بایدەن سەرۆک کۆمار بوایەت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاشەکشێی بە هێزەکانی خۆی [لە عەین ئەسەد] نەدەکرد… نەک هەر لەبەر هاوسۆزی بۆ کورد، بەڵکو بە هۆی ئەوەی بایدن پیاوی دامەزراوەکانە و هەموو دەزگا ئەمریکییەکان دژی بڕیاری کەشانەوەی سوپای ئەمریکا بوون”.

تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات [گرنگترین ئەکتەری هاوپەیمانێتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە سەرۆکایەتی ئەمریکا] وەک درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) دەبینێت، واتە ئەو گرووپە چەکدارەی کە لە ساڵی ١٩٨٤ تا ئێستا شەڕی ئەنقەرەیان کردووە و لە لایەن بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە ڕێکخراوەیەکی تیرۆریست دادەنرێن.

کوردەکانی سوریاش هەستێکی هاوشێوەیان هەیە. مەزلوم کوبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سەرەتای مانگی تەشرینی دووەم لە دیمانەیەکدا بە ئەلمانیتۆری ڕاگەیاند ڕەنگە سەرکەوتنی بایدن “ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری لە ڕەفتاری ئەنقەرەدا”.

سەرەڕای ئەوە، ئەو گەشبینییە سنووری خۆی هەیە. زۆر کەس و لەوانە ئۆزسۆی لەو بڕوایەدان کە ئیدارەی بایدن ڕێگەخۆشکەر نابێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە عێراق یان سووریا.

نازانرێ ئایا پشتیوانی بایدن دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی کتوپڕی لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە گرووپە کوردەکان لە نێوخۆدا یان نا، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی هاوپەیمانێتی بەردەوامی حیزبی دەسەڵاتدار (AKP) لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی ناسیونالیست و گرووپە ناسیونالیستەکانی تری نێوخۆی تورکیا.

پلانی دەستپێشخەری ئاشتیی حیزبی دەسەڵاتدار بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەیان ساڵەی کورد لە ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ پ.ک.ک کە ئێستا ئیتر لەناوچووە، لە سەردەمێکدا دەستی پێ کرد کە بایدن جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو. بەڵام تا کاتێ ئەم هاوپەیمانێتییە ناسیونالیستە هەڵنەوەشێتەوە پێناچێت دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ ئاشتی بێنێتە ئاراوە.

بەو حاڵەش، ئۆزۆسۆی بڕوای وایە کە بە پێچەوانەی ترەمپ، بایدن لە ڕووی کەسایەتییەوە توانای هەیە بۆ هەوڵدان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد. ئەم گەشبینییە لە پەیامی پیرۆزبایی HDPدا بۆ سەرکەوتنی بایدن خۆی دەنوێنێ.

هاوکات گرووپە کوردەکانی تر، گومانیان هەیە لەوەی کە سەرۆک کۆمارێکی نوێ لە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی ئوتوماتیکی ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.

لەتیف ئاپۆزدێمیر سەرۆکی پارتی ماف و گەلی کورد (HAK-PAR) لە دیمانەیەک لەگەڵ ئەلمانیتۆر دەڵێ “بە ڕەچاوکردنی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئەمریکا، گونجاو نییە وا بیر بکەینەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەناکاو پشتی کورد دەگرێت لە دژی ئەنقەرە”.

ئاپۆزدێمیر ئەوەشی وت ” هەندێ بایدن وەک هیوایەکی نوێ دەبینن، بەڵام ئێمە بەو شێوەیە نایبینین”، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو چاوەڕوانیانەی کە گوایە ئیدارەی بایدن پشتی کورد و نەیارەکانی تر لە تورکیا دەگرێت ناواقێعین”.

سەیرە کە کورد کامالا هاریس بە هۆی باکگراوندی هەموجۆرەی کە لە ژیانیدا هەیبووە بەسۆزتر لە بایدن دەزانن. ئاپۆزدێمیر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “کامالا هاریس هیوایەکی زیاترم پێ دەبەخشێ”.

ئەوەشی گوت کە داوا لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناوچەکە بدات. وتیشی “ناکرێت چیدی کێشەی کورد پشتگوێ بخرێ… ئێمە داوای لێ دەکەین هاوکاری کورد بکات”.

مستەفا ئوزچەلیک سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان (PAK) لەگەڵ ئەوەدایە کە سەرکەوتنی بایدن بووەتە هۆی سەرهەڵدانی هیوایەک لە نێو کورد. ئوزچێلیک بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە بارزانی بایدنی وەک “دۆستی نەتەوەی کورد” وەسف کردووە و هەڵوێستی سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا سەبارەت بە کوردەکانی سوریا ڕایگەیاند بە پێچەوانەی سیاسەتی دەمدەمی ترەمپ، بایدن بە شیوەی سەقامگیرتر سیاسەت دەکات.

ئوزچێلیک وتی ئەنقەرە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و پ.ک.ک دەبێ چەک دانێ بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد لە تورکیا کە چەندین دەیە درێژەی هەبووە. ئوزچیلیک بە ئەلمانیتۆری وت ” چاوەڕوانی ئێمە لەم گۆڕانکارییە دیالۆگێکی سیاسی نوێیە لە نێوان کورد و تورکیا بە دەستپێشخەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی… ئێمە چاوەڕوانی سیاسەتێکی نوێ دەکەین لە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو. ئێمە چاوەڕوانی پشتیوانی لێ دەکەین بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد”.

بە وتەی ڤاهاپ کۆسکۆن کە مامۆستای یاسایە لە زانکۆی دیکڵ لە پارێزگای دیاربەکر کە زۆرینەی کوردن، ڕەنگە گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان کاریگەرییان هەبێ لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا. کۆسکوم بڕوای وایە شەڕ لە دژی داعش یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی ئیدارەی نوێ دەبێ لە چەند مانگی داهاتوودا.

کۆسکون بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە واشنتۆن هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئەکتەرێکی سەرەکی لەو شەرە دادەنێ، پێی وایە کە ڕەنگە ئیدارەی نوێ پەیوەندی نزیکتر لەگەڵ گرووپە کوردەکانی سوریا دامەزرێنێت.

کۆسکون بە ئەلمانیتۆری وت “ئیدارەی ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە بە دوای ئەو سیاسەتانەدایە بە مەبەستی تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە نێوان قەوارەی کوردی سوریا و تورکیا… بەو حاڵەش، ماوە ببینرێت کە چۆن کەشوهەوایەکی سیاسی نوێ کە چارەسەری پرسەکانی ئاسایش لە تورکیا و سوریا بکات دێتە ئاراوە… تا تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لەو بوارەدا بەدی نەهێت، پێ ناچێت سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بە خۆوە ببینێت”.

کۆسکون باسی ئەوەی کرد “شەڕی نێوخۆیی سوریا بووە هۆی هەڵوەشانەوەی پرۆسەی ئاشتی” و هەروەها ڕایگەیاند کە تورکیا کوردەکانی سوریا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی خۆی دەبینێ. کۆسکون دەڵێ گۆڕانکاریی و داینەمۆی ناوچە شانسی زیاتری هەیە لە گۆڕانکارییە نێوخۆییەکان بۆ وەگەرخستنەوەی پرۆسەی دیموکراتیک لە تورکیا””.

کۆسکون لە کۆتایی قسەکانیدا وتی ” ڕێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ کوردەکانی سوریا گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتی نێوخۆی تورکیادا خێراتر دەکات”.

سەرچاوە: ئەلمانیتۆر

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com