بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ: بەم زووانە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرجدەكرێ

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

بڕیارده‌ری ليژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بەم زووانە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان خەرجدەكرێ، ئاماژەی بەوەشدا ماوەی خەرجكردنی ئەو پارەیە كەمتر لەمانگێك دەخایەنێ‌.

سەفین ئاغا عومەر بڕیارده‌ری لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمان كە ماوەی چەند رۆژێكە لەگەڵ شاندێكی لیژنەكەیان سەردانی بەغدایان كردووە، بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “ئەمرۆ 9/12/2020 لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراقی لە بەغدا كۆبووینەوە سەبارەت بە شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش ئەو پارە قەرزەی كە جوتیاران لای حكوومەتی عێراقی هەیانە بۆ ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ، كۆبوونەوەكەمان زۆر ئەرێنی بوو ئومێدێكی زۆری پێداین كە لەماوەیەكی نزیكدا ئەو پارەیەی جۆتیاران خەرج بكرێ”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە “لەئێستادا ئەو پارەیەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی 557 ملیار دینارە، خراوەتە سەر ئەژماری وەزارەتی بازرگانی عێراقی  و وەزیریش بەڵێنی دا كە ئەو پارەیە لەبەر ئەوەی بڕێكی زۆرە ئەوە بەچەند بەشێك بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان خەرجدەكرێ”.

 بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ دەشڵێ “پێشبینی دەكرێ كە لەماوەی كەمتر لە مانگیك ئەو پارەیە بۆ جوتیاران خەرج بكرێ”.

پێشتریش ئەو شاندەی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراقی كۆبووبونەوە و لەسەر چەند تەوەرێك گفتوگۆیان كردووە، بۆ ئەم مەبەستەش سەفین ئاغا عومەر بڕیارده‌ری لێژنەی كشتوكاڵ دەڵێ “وەزیری كشتوكاڵ پشتگیری تەواوی بۆ جوتیارانی هەرێم دەبڕی و بەمافی ئەوانی زانی كە بەزووترین كات ئەو پارەیەیان بۆ خەرج بكرێ، لەبارەی وەرگرتنی گەنمی ساڵانەش وەزیر ئەوەی دووپات كردەوە كە لیژنەیەكی تایبەتمەند دەنێرێتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەنزیكەوە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم رووپێوێكی تەواوی ئەو زاویانەیان كە بۆ گەنم دەكرێ پێی بدرێ بۆ ئەوەی بتوانن كە رێژەی وەرگرتنی گەنمی ساڵانەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان زیاد بكەن، تەنانەت بەڵێنیشی دا كە وەرگرتنی گەنمی ساڵانەی جوتیارانی هەرێم و عێراق هاوتا دەكرێن”.

سەبارەت بە كێشەو گرفتی جوتیارانی ئەو ناوچانەی كێشە لەسەرن، ناوبراو دەڵێ “بە وەزیری كشتوكاڵمان راگەیاند كە جوتیارانی كورد بەتایبەتیش لە سنووری كەركووك كە خاوەنی زەوی كشتوكاڵی خۆیان بەڵام پارێزگاری كەركووك بە زەبری هێز جوتیارە كوردەكان رادەگوازێ و عەرەب لەشوێنیان نیشتەجێ دەكات، هەر ئەوكات وەزیر پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی كەركووك كرد و پێی راگەیاند كە بەهیچ شێوەیەك ئەو جۆرە مامەڵەكردنانە لەگەڵ جوتیارانی ئەو سنوورە قەبوڵ ناكەن”.

لەبارەی ئەو جیاكارییەش كە لەنێوان جوتیارانی هەرێم و عێراق دەكرێ لەبارەی پێدانی هەندێ پێداویستییەوە سەفین ئاغا وتی “بە وەزیرمان گووت كە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان جوتیارانی هەرێم و عێراق دەكرێ لەبارەی پێدانی سەماد و بنەتۆو دەرمان و شتی تر، بۆ ئەوەش بەڵێنی دا كە لەمەودوا وەك جوتیارانی عێراق مامەڵەش لەگەڵ جوتیارانی كورد دەكەین”.

هەروەك ناوبراو باسی كرد، بڕیارە بەم زووانەش وەزیری كشتوكاڵی عێراقی بێتە هەرێمی كوردستان و دەچێتە پەرلەمان و وەزارەتی كشتوكاڵ و وەك خۆی بە شاندەكەی پەرلەمانی راگەیاندووە بۆئەوە سەدانی هەرێمی كوردستان دەكات ” تا چارەسەركردنی ئەو كێشانەی نێوان هەولێر و بەغدا بكەبن كە لە بواری كشتووكاڵدا هەیە”.

وابڕیارە، شاندەكەی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببنەوە، بۆ هەمان مەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی جوتیارانی هەرێم لەگەڵ عیراق، لیژنەكە و سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com