پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شنگال و لە شوێنە ستراتیژییەكان جێگیر دەكرێن

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال، هێزی پێشمەرگەش هاوتای سوپای عێراقی دەچنەوە شنگال و پارێزگاری لە ناوچە ستراتیژییەكانی ئەو سنوورە دەكەن. لەبەرانبەریشدا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا ئەوە رەتدەكاتەوە كە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچەیە.

لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (نوچەنێت) بابەكر پشدەری بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی دووپات كردەوە كە هێزی پێشمەرگەی سەربە وەزارەتەكەیان دەگەڕێتەوە شنگال و وتیشی “بەڵی هێزی پاراستنی شنگال كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، لە ئەجێندا دایە بگەڕێتەوە شنگال، بەڵام تا ئێستا بەرنامەی جێبەجێكردنەكەی بڕیاری بۆ نەدراوەو چاوەڕێی فەرمانی سەروو دەكەن بۆ گەڕانەوە”.

ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كە “سوپای عێراقی و هێزی پێشمەرگەش ناچنە ناو شنگالەوە بەڵكو لە شوێنە سەربازی و ستراتیژیەكانی وەك چیای شنگال و دەوروبەری و سیبای شێخ خدر و ئۆردوگاكانی دەوروبەر و سنوونێ تەنانەت لەسەر سنووری سووریاش لەو شوێنانە جێگیر دەكرێن و ئەركی سەربازییان جێبەجێدەكەن”.

سەبارەت بە هێزە نایاساییەكانی ناو شنگالیش پشدەری وتی “هێزە نایاساییەكانی ناو شنگال بەشێكی زۆریان لەناو شنگال رۆیشتوون، بەڵام لەوانەیە كەمێك لە چەكدارانی پەكەكە مابن، تەنانەت لایەنەكانی تریش وەكو حەشدی شەعبی و چەند هێزێكی تریش كە لەژێرناوی جۆراوجۆرن، دەبێ هەموویان لەناو شنگال بێنە دەرەوە و هێزی خۆجێی وەك پۆلیس و ئاساییش دادەمەزرێن و جێگیر دەكرێن”.

لەبارەی جۆری ئەو هێزە خۆجێیەی دەچنەوە ناو شنگال، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا كە “حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی رێككەوتوون خەڵكێك دادەمەزرێنن وەكو پۆلیس و ئاسایش بەتایبەتیش لە خەڵكی ناوچەكە، ئەوان دەبنە بەرپرسیاری پاراستنی ئەمنیەتی ناو شنگال”.

لەبارەی دروستكردنی ناوەندی هێزی هاوبەشی لەناوچە كێشەلەسەرەكان بابەكر پشدەری وتی “تا ئێستا شەش كۆبوونەوەی مەركەزی بۆ ئەم بابەتە كراوە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەوەی كە بكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە. تەنانەت شوێنی ئەو ناوەندانەش دەستنیشان كراوون”. لەبارەی هۆكاری جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارەش ناوبراو وتی “كێشەو ئاریشەكانی بەردەم جێبەجێ نەكردنی ئەو بڕیارە بۆ دروستكردنی ناوەندی هێزی هاوبەش ئەوەیە كە حكوومەتی ناوەندی بڕیارێك دەدات راستەوخۆ جێبەجێی ناكات، ئەویش بەهۆی گرفت و كێشەی موازەنەو پێداویستی سەربازی و كۆمەڵێك بارودۆخی جۆراوجۆری دیكەش دروستكردنی ئەو ناوەندانەیان دواخستووە”.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لیوا روكن جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا، لە راگەیەنراوێكیدا كە 6ی كانونی یەكەم بڵاویكردبووەوە، جەختیكردەوە لەوەی “جگە لە سوپا، پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانیی، رێگە بەهیچ هێزێكی ئەمنی چەكدار یان بێ چەك نادرێت، لە قەزاكەدا جێگیربن، یان دۆسیەی ئەمنی بگرنەدەست، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگالدا”.

جەبار تائی جەختیشدەكاتەوە لەوەی “پاراستنی قەزای شنگال تەنیا لە بەرپرسیارێتی سوپا، پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانیدایە، بەهەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری عیراق”.

لە هەفتەكانی رابردودا پۆلیسی فیدراڵی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگالدا لە چەند ناوچەیەكی قەزاكە جێگیربون و دۆسیەی ئەمنیان گرتەدەست، بەڵام هێشتا هیچ هێزێكی سەر بە حكومەتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری گوڕانەوەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com