(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
رۆژی 3 ی ئابی 2014 دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشی كردە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری و لە ئەنجامدا بە هەزاران هاوڵاتی ئەو ناوچانەی رفاند، كە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون، نوسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكات سەرەك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو، بڕیاریدا نوسینگەیەكی تایبەت بۆ رزگاركردنی ئەو رفێندراوانە دابمەزرێنرێ، دوای شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو نوسینگەیەو كاركردنی بەردەوام بۆ رزگاركردنی ئەو خەڵكە، لە ئێستادا بەرپرسی ئەو نوسینگەیە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەوان هێشتا بەردەوامن لەسەر كاری رزگاركردنی ئەو رفێندراوانە، چونكە هێشتا ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانە بێسەروشوێنن و ئەوانیش بەپێی پلانی خۆیان كار بۆ رزگاركردنیان دەكەن.
(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
حوسێن قایدی بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “دوای ئەوەی ئەو جینۆسایدە بەسەر كوردانی ئێزیدی دا هات لە شنگال و دەورووبەری، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانمان وەكو دیل كەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش، لەسەر بڕیاری كاك نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە ساڵی 2014 ئەو نوسینگەیە دامەزرا، ئامانجی سەرەكی لە دامەزراندنی ئەو نووسینگەیەش رزگاركردنی كەسوكارە ئێزیدییەكانمان بوو لەدەستی تیرۆریستان، دیارە ئەو نوسینگەیە تاكە نوسینگەی لەو شێوەیە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهانیشدا بۆ رزگاركردنی ئیزیدییەكان”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان توانیویانە تائێستا ژمارەیەكی زۆری ئەو خەڵكە رزگار بكەن و بیانگەڕێننەوە بۆ ناو كەسوكاری خۆیان، دەڵێ “تا ئێستا توانیومانە 3545 كەس رزگاربكەین، كە لەناویاندا 1208 ئافرەت و 339 پیاو و ئەوانی تریش هەموویان منداڵن بەهەردوو رەگەزەوە”.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەش كە تا ئێستا رزگارنەكراون، بەرپرسی نووسینگە ئەوە ئاشكرا دەكات كە “زیاتر لە 2800 كەس تا ئێستا رزگار نەكراون و ماون ئەوانەش زیاتر لەو ناوچانەن كە خێزانەكانی تیرۆریستانی لێی دەژین”.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا وەك هەموو كارێكی تر، كاریگەری لەسەر كارەكانی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدیش هەبووە، هەروەك حوسێن قائیدیش دەڵێ ” بەڵێ كاریگەری لەسەر ئێمەش هەبووە، چونكە هاتوچۆی نێوان شارەكان و نێوان وڵاتانیش كەم بۆتەوە، ئەمە وایكردووە كە كارەكانی ئێمەش كەمێك سستی بەخۆوە ببینێ”, بەڵام دەشڵێ “سەرەڕای ئەوەش لەوماوەیەدا دەستەوەستان نەبووین بەڵكو چەندین كەس لە دەستی تیرۆریستان رزگار كراون بەڵام ژمارەیان وەك پێشتر نیە ، بەڵام دوای فایرۆسی كۆڕۆنا جارێكی كارەكانمان خێراتر دەبێتەوەو ئەوانەی تا ئێستا لەژێردەستی تیرۆریستان ماون رزگار دەكرێن”.
لەبارەی شوێنی ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەكراون، بەرپرسی نووسینگەی ناوبراو دەڵێ “بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە نوسینگەكەمان هەیە بەتایبەتیش لەلایەن ئەو كەسانەی لای ئێمە كار دەكەن، ئەو ناوچانەی كە پێشتر لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بوون بەتایبەتیش موسڵ و دەورەبەری هەروەها لە سووریاش بەتایبەتیش لە (كەمپی هۆل)، ژمارەیەكی زۆری كەسوكارە ئێزیدییەكانمان لەو شوێنانەن، یان ئەو ناوچانەی كە ئێستا لەبەردەستی تیرۆریستاندان بەشێكی ئەو خەڵكانەش لەوێن، بەڵام لای ئێمە كاری كۆكردنەوەی زانیاری وورد لەسەر شوێنەكانیان و هەروەها گەڕان بەدوایاندا هەر بەردەوامە، چونكە لەسەر فرمانی كاك نێچیرڤان تا یەك كەسی ئێزیدی لەژێر دەستی ئەواندا مابێ، دەبێ رزگار بكرێ”.
سەبارەت بەهاوكاری كردنی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ كارەكانی ئەو نووسینگەیە، حوسێن قائیدی، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “تا ئێستا چ لەسەرئاستی عێراق و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی و تەنانەت لەسەر ئاستی ئەوروپاو ئەمەریكاش، هیچ لایەك هاریكاری ئێمەی نەكردووە، تەنها ئەو نوسینگەیە كە سەر بە نوسینگەی تایبەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییەو بەهاوكاری و پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان و دامودەزگاكانی حكوومەت ئێمە كاری خۆمان كردووە و هیچ كەس و لایەنێكیش یارمەتی نەداوین”.
ناوبراو ئەوە رەتدەكاتەوە كە هەندێ عەشیرەتی عەرەب یارمەتیان دابن و دەڵێ “نەخێر، بەهیچ شێوەیەك هیچ عەشیرەتێكی عەرەب تا ئێستا یارمەتی ئێمەیان نەداوە بۆ دۆزینەوەو رزگاكردنی ئەو كەسوكارانە، لەوانەیە جارجار هەندێ كەس وەك تاكە كەس هاوكاری ئێمەیان كردبێ بۆ ئەم كارە، بەڵام وەك عەشیرەت ، نەخێر هیچ عەشیرەتێكی عەرەب هاوكاری ئێمەیان نەكردووە”.
بەپێی زانیارییەكانی نوسینگەی ناوبراو لە ئێستادا زیاتر لە 400 كەس لەو بێسەروشوێنانە لەناو (كەمپی هۆل)ن لە رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسی نووسینگە دەڵێ “كاری داهاتوومان بۆ رزگاركردنی ئەوانە و تەواوی خەڵكەكەی تریش ئەوەیە كە بەردەوام دەبین لەگەڕان و دۆزینەوەی ئەو خەڵكە و دەستنیشانكردنی شوێنەكانیان و دواتریش بە پلانێك رزگاریان دەكەین”.
سەبارەت بە لایەنی مادی بۆ كارەكانی ئەو نووسینگەیە حوسێن قائیدی ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “لەرووی مادییەوە هەر خەرجییەك بۆ رزگاركردنی ئەو كەسوكارانەمان كرابێ، ئەوا نوسینگەكەمان گرتویەتییە ئەستۆی خۆی”. بە پێویستیشی دەزانێت كە سوپاسی هەندێ لایەن بكات كە هاوكاری كارەكانیان بوونە، بۆ ئەمەش ناوبراو دەڵێ “بەپێویستی دەزانم سوپاسی تایبەت ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەكان و ئیدارەی پارێزگای دهۆك و هەروەها ئیدارەی قەزای شنگالیش كە سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بكەم، چونكە ئەوانە زۆر هاوكاری و كارئاسانیان بۆ كارەكانی ئێمە كردووە”.
لە كۆتاییشدا ناوبراو ئاماژە بەوەدەكات كە نوسینگەكەیان هاوكاری و كارئاسانی بۆ هەر دامودەزگایەك دەكات گەر بیانەوێ هەلی كار بۆ ئەو رزگاربووانەی دەستی تیرۆریستانی داعش بدۆزنەوەو ببنە خاوەن كاری خۆیان ، بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە بەوە دەكات كە نوسینگەكەیان یارمەتی دامودەزگاكانی حكوومەتیان داوە بۆ ئەوەی ئەو كچ و ژنانەی رزگاربووی دەستی داعش لەناو سلكی پۆلیسدا دابمەزرێن و لەناو شنگال خزمەتی خەڵكی خۆیان بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش لیستی ناوەكانمان پێداون”.