25ی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵی چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكلایی دەكاتەوە

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

تا ئێستا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بابەتی هەلوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی یەكلا نەكردۆتەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركووكیش دەڵێ، چونكە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی نادەستووری بوو، بۆیە دادگاش ناتوانێ‌ یاسایەك دەربكات و دەستوور رەتبكاتەوە.

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركووك لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “لەوەتەی  بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دراوە لە پەرلەمانی عێراقیدا و دواتر تانە لەو بڕیارە دراو، تا ئێستا دادگای فیدڕاڵی عێراقی نەیتوانیوە ئەو بابەتە یەكلابكاتەوە، چونكە دادگای فیدرالیش دەزانی كە ئەو بڕٍیاری هەڵوەشاندنەوەیە بڕیارێكی نادەستوورییە بۆیە یەكلاكردنەوەكەی هەر دوای دەخات”.

لەبارەی دواخستنی ئەو یەكلانەكردنەوەیە لەلایەن دادگای فیدڕالییەوە ، عەسكەریی وتیشی “دادگای فیدڕاڵی عێراق هەمووجارێك دوای دەخات ، نە بڕیاری لێئەدا كە بڵێ وانیە، كە خۆشی دەزانێ‌ وانیە.. ، نە دەشڵێ وایە، بەڵام لەوە ئەچێ حكوومەتی عێراقیش رازی نەبێ، دیارە ناشبێ دادگای فیدڕاڵ یاسایەك دەربكات لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكان و بەوهۆیەوە دەستوور رەتبكەنەوە، لەبەر ئەوە ئەو یاسایە نادەستوورییە و ناشیانەوێ‌ بیكەن، بۆیە هەموو جارێك بەهەر بڕوبیانوێك بێت دوای دەخات”.

ئەحمەد عەسكەری ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لەئێستادا رایانگەیاندووە رۆژی 25ی ئەم مانگە دانراوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، بەڵام دەشڵێ “جا نازانم لەو رۆژەشدا یەكلادەكرێتەوە یان نا ؟”.

رۆژی ٢٨-١٠-٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی تاوتوێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کۆبووەوە و یەکێک لەو بڕیارانەی پەسەندکراون هەڵوەشاندنەوەی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو، ئەوكات داواکاری فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ئەوەبوو، کە پارێزگای کەرکوک نەگرێتەوە، بەڵام داواکارییەکەیان جێبەجێنەکرا.

پێشتر و لەكاتی بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (نوچەنێت)ی راگەیاندبوو كە “دوای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەندکرا، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی بڕیارەکە وەستاینەوە و لەناو هۆڵی پەرلەمان کردمانە دەنگە دەنگ و داوامانکرد، کە بڕیارەکە پارێزگای کەرکوک نەگرێتەوە، بەڵام قبوڵیان نەکرد”.

ناوبراو ئەوەشی وتبوو “بەڵام ئەوكات بە فشاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان پێشنیارێکی پێشکەشکرد، كه‌ ئه‌ویش پەرلەمانتارانی کەرکوک لە جیاتی ئەنجوومەنی پارێزگا چاودێری ئیشوکارەکانی پارێزگای کەرکوک بکەن، بڕیارەکەش بەتەواوی لە پەرلەمان پەسەندکراوە”.

ئەحمەد عەسكەریش بۆ ئەم مەبەستە دەڵێ “من نازانم پەرلەمانتارە كوردەكان توانیویانە تا ئێستا كاری ئەنجومەنی پارێزگاكە بكەن یان نا ، ئایا توانیویانە چاودێری كارەكانی حكوومەت بكەن، بێگومان ئەوە خەڵك دەزانێ‌ كە كردوویانە یان نا”.

عەسكەری هەروەها وتیشی “ئیشوكاری ئێمەش وەك ئەندامانی ئەنجوومەن كۆتایی پێهاتووە، ئەو كۆتایی هاتنەش بەبڕیاری پەرلەمان و چاوەڕێش دەكەین بزانین دادگای فیدڕاڵی دەتوانێ‌ ئەو بڕیارە نادەستووریەی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە؟”.

لەدوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەكان، هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، تانه‌یان له‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وەكە‌ دا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ ، بۆیە دواتر تانەكەیان رەوانەی دادگای فیدڕاڵی كرا. تا ئێستاش ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نە مووچەیان پێدەدرێت و نە مامەڵەی خانەنشیبوونیشیان بۆ دەكرێت.

ئەوكات په‌رله‌مانی عیراق، دوو رێكاری جیاوازی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان گرته‌به‌ر، ئه‌و هه‌نگاوانه‌شی به‌سته‌وه‌ به‌ داواكاریی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له‌ به‌غدا و شاره‌كانی تر، كه‌ چوار مانگ بوو‌ لە سەر شەقامەكان داوایان دەکرد‌.

سه‌ره‌تا و له‌ 28ی تشرینی یه‌كه‌می 2019دا، به‌پێی بڕیارێك ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ بووە مایەی ناڕه‌زایی و تانه‌ی لێدرا، به‌وپێیه‌ی ناتوانرێت به‌ بڕیار یاسا هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

له‌ هه‌نگاوی دووه‌مدا، په‌رله‌مانی عیراق له‌ 26ی تشرینی دووه‌می 2019، هه‌مواری دووه‌می یاسای ژماره‌ 12ی ساڵی 2018ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كرده‌وه‌، تا به ‌یاسا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن جێگیربكات.

وەك باسدەكرێ، ‌دووهۆكار هەن كە وایكردووە تا ئێستا دادگای فیدڕاڵی نەتوانێ‌ تانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان یه‌كلابكا‌ته‌وه، ئەوانیش بریتین لەوەی كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەكە نادەستووری بووەو، دووەمیشیان هۆكاری سیاسی بۆتە فشارێك بۆ سەر دادگای فیدڕال و ناتوانێ‌ ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە.

تا ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوجار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دانیشتن و دادگایی هه‌بووه‌، له‌ یه‌كه‌میاندا زنجیره‌یه‌ك تانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و له‌ دوه‌میشیاندا بڕیاری كۆتایی بۆ 9ی ئازاری 2020 دواخست، له‌وكاته‌شه‌وه‌ زیاد له‌ جارێك دواخراوه‌ و هەروەك ئەحمەد عەسكەریش بۆ (نوچەنێت)ی ئاشكرا كردووە ، رۆژی 25 ی ئەم مانگە دیاریكراوە بۆ یەكلاكردنەوەی.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، حكومه‌تی پێشوی عیراقیش به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2019دا جارێكیتر واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست و له‌وكاته‌وه‌ هیچ واده‌یه‌كی نوێ بۆ پرۆسه‌كه‌ دانه‌نراوه‌و چارەنووسی ئەو ئەنجوومەنە هەڵوەشاوانەش بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com