شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه‌نێت
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌فته‌ى داهاتوو بڕیار له‌سه‌ر خوێندنى ئه‌مساڵ بدرێت، یه‌كێتى مامۆستایان ناڕه‌زایى ده‌رده‌بڕێ و داوا ده‌كات به په‌له پرۆسه‌ى خوێندن ده‌ست پێ بكاته‌وه و سه‌رچاوه‌یه‌كیش له وه‌زاره‌تى په‌رورده باس له بژارده‌كانى به‌رده‌م وه‌زاره‌ت ده‌كات و ده‌ڵێ، “كردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كان ته‌نیا له وه‌رزى دووه‌م یه‌كێكه له بژارده‌كان”.
بڕیاره هه‌فته‌ى داهاتوو یه‌كى كانوونى یه‌كه‌م وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسى خوێندنى ئه‌مساڵ بدات. به‌هۆى په‌تاى كۆرۆناوه ئه‌مساڵ وێراى جێبه‌جێكردنى خوێندنى ئه‌لكیترۆنى و ئۆنڵاین، ته‌نیا قوتابیانى پۆلى یه‌ك و دوو و 12 له پۆله‌كان ئاماده ده‌بوون وبه‌ڵام له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه ته‌واوى ناوه‌نده‌كانى خوێندن وه‌ستا و بڕیاره هه‌فته‌ى داهاتوو بڕیارێكى تر بدرێت.
نوچه‌نێت به‌دواداچوونى بۆ ئه‌و بژاردانه كرد كه له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ن بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر خوێندنى ئه‌مساڵ. سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده كه رازى نه‌بوو ناوى ئاشكرا بكرێت، گوتى دوو بژارده هه‌یه و یه‌كێكیان لاوازه و ئه‌وه‌ى تریان ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى هه‌یه. ئه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بریتییه له‌وه‌ى خوێندنى ئه‌مساڵ به گشتى دوا بخرێت و ساڵه‌كه‌ى بۆ سه‌رجه‌م قوتابیان به “نه‌كه‌وتوو” هه‌ژمار بكرێت. پێشینارى دووه‌میش ئه‌وه‌یه وه‌رزى دووه‌م ده‌ست خوێندن بكرێته‌وه و بۆئه‌وه‌ى قوتابیان بتوانن ئه‌مساڵ وه‌ك ساڵى رابردوو تێپه‌ڕێنن.
سه‌رچاوه‌كه گوتى، “به پێچه‌وانه‌ى ساڵى رابردوو ده‌بێت، ساڵى رابردوو وه‌رزى یه‌كه‌م خوێندن هه‌بوو، دووه‌م نه‌بوو، كه‌چى ئه‌مساڵ وه‌رزى یه‌كه‌م نابێ و دواتر وه‌رزى دووه‌م ده‌بێت، تا ته‌واوى ساڵه‌كه به فیڕۆ نه‌چێت”
سه‌رچاوه‌یه‌كى تر‌ى ئاگادار ره‌تیكرده‌وه پێشنیارى یه‌كه‌م بوونى هه‌بێت، به‌ڵكو دووپاتى له‌سه‌ر پێشنیارى دووه‌م كرده‌وه،ئه‌و سه‌رچاوه‌یه روونكردنه‌وه‌ى زیاترى به “نوچه‌نێت” دا و گوتى، “خوێندنى وه‌رزى یه‌كه‌م به ته‌واوى ناكرێت، به‌ڵام بڕیاره‌كه به پچڕ پچڕى ده‌درێت، له‌وانه له‌سه‌رى مانگ 15 رۆژى تر دوا بخرێت، یان له‌وانه‌یه ته‌نیا پۆلى دوانزه‌م بگه‌ڕێنه‌وه هۆڵى خوێندن، به‌م شێوه‌یه وه‌رزى یه‌كه‌م ته‌واو ده‌كرێت و دواتر وه‌رزى دووه‌م كه‌مێك یان زۆر به‌گوێره‌ى بارودۆخى په‌تاكه ده‌خوێنرێت، تا ئه‌مساڵى خوێندنى قوتابیان نه‌فه‌وتێ”.
نوچه‌نێت بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و زانیارییانه ویستى به راشكاوى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده بدوێنێ، به‌ڵام هیچ به‌رپرسێكى ده‌ستنه‌كه‌وت. بۆیه پرسیاره‌كانى له لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كرد. موسلیم عه‌بدوڵا له فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، له په‌رله‌مانى كوردستان به نوچه‌نێتى راگه‌یاند، “ئێمه ئاگادارى ئه‌و دوو پێشنیاره نیین و تا ئێستایش نازانین وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده چ بڕیارێك ده‌دات”
سه‌باره‌ت به پێشبینى خۆیان موسلیم عه‌بدوڵا گوتى، “پرۆسه‌ى خوێندن مانگێكى دیكه‌ش دواكه‌وێت تا 1-1-2021 ” ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێیوایه ته‌نیا كێشه‌ى پرۆسه‌ى خوێندن په‌تاى كۆرۆنا نییه، به‌ڵكو كێشه‌ى مووچه‌یش هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تیش بڕیارى كردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كان بدات، ئه‌وا ئه‌گه‌ر مووچه نه‌درێت پێشبینى ده‌كرێت له ناوچه‌یه‌كى فراوانى كوردستان مامۆستایان بایكۆتى خوێندن بكه‌ن.
موسلیم عه‌بدوڵا گوتى، “ئه‌گه‌ر مامۆستایانیش بایكۆت نه‌شكێنن، ئه‌وا خوێندن بشكرێته‌وه دیسان ده‌بێته كێشه، له‌لایه‌كى دیكه قوتابیانى بنه‌ڕه‌تى پۆلى یه‌ك و دوو ئه‌و توانایه‌یان نییه كه پابه‌ند بن به رێنمایى ته‌ندروستى، به‌ڵام پێمانوایه هه‌رچى زووه خوێندن بۆ پۆلى 12ى ئاماده‌یی بكرێته‌وه، چونكه ئه‌وان بابه‌تێكى چاره‌نوسسازه، ساڵێكى تایبه‌ته بۆ ئه‌وان”
جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده له په‌رله‌مانى كوردستان پێیوایه پرۆسه‌ى خوێندن له كوردستان له مه‌ترسى دایه و بۆیه ده‌ڵێ، “خوێندن له لێوارى مه‌رگ دایه و ئه‌و خوێندنه‌ى كه به ئۆنلاین ده‌كرێت 30% سوود به قوتابیان ناگه‌ینێ، قوتابى و خێزانه‌كانیشى تووشى گرفت كردووه”.
عه‌بدولواحێد محه‌مه‌د حاجى جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بۆ “نوچه‌نێت” دوا و گوتى له رێگه‌ى ئه‌م سایته‌وه دوو په‌یام به حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ده‌ده‌م، عه‌بدولواحید باسى له په‌یامه‌كانى كرد و گوتى، “یه‌كه‌میان بۆ حكوومه‌ته پێى ده‌ڵێین به‌سه ئه‌و بارودۆخه كه رووبه‌ڕووى مامۆستایان ده‌بێته‌وه، ده‌بێت كات دیارى بكه‌ن بۆ دابه‌شكردنى مووچه و له‌كاتى خۆى مووچه بدرێت “
په‌یامى دووه‌مى جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان بۆ خودى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده بوو گوتى، “داواكارم له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده خه‌مێك له پرۆسه‌ى خوێندن بخۆن و به هه‌ر شێوه‌ك بێت ده‌بێت خوێندنگاكان بكرێنه‌وه و خوێندن ده‌ست پێبكاته‌وه، چونكه هه‌موو مامۆستایان و كه‌سوكارى قوتابیان تووشى حاڵه‌تێكى ده‌روونى زۆر خراپ بوون”
ده‌رباره‌ى بایكۆتى مامۆستایان، جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوتى، “تا ئێستا بڕیارمان نه‌داوه ئایا بایكۆت ده‌كه‌ین یان نا، به‌ڵام پێمان باشه قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه به‌و مه‌رجه‌ى مووچه‌ش بدرێت”.