شلێر سه‌عید ، تایبه‌ت به نوچه‌نیت
بابه‌تى ناساندنى كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان موسلمین له عێراق گه‌رمتر ده‌بێت، یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دێته ده‌نگ و ده‌ڵێ، “له دوور و نزیكه‌وه ئێمه په‌یوه‌ندییمان به كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوانه‌وه نییه”.
چه‌ند رۆژێكه بابه‌تى ناساندنى ئیخوان موسلمین به “تیرۆریست” مشتومڕى له عێراق دروست بووه، ئه‌مه‌یش دواى ئاشكرابوونى نووسراوێكى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نیشتمانى عێراق بوو كه تێیدا ره‌تیكردووه‌ته‌وه كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان موسلمین به تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌م بدات.
له عێراق چه‌ند هێزێكى كوردى و عێراق له‌سه‌ر ئیخوانه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن، له‌وانه حزبى ئیسلامى عێراقى و یه‌كگرتووى ئیسلامى، به‌ڵام سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو ره‌تى ده‌كاته‌وه حزبه‌كه‌ى سه‌ر به كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان بێت.
هادى عه‌لى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووه له لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، “یه‌كگرتوو نه له دوور نه له نزیك هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به ئیخوانه‌وه نییه، ئێمه وه‌ك یه‌كگرتووى ئیسلامى له كوردستان حزبێكى سه‌ربه‌خۆیین په‌یوه‌ندییمان به ئیخوانه‌كانه‌وه نییه”.
وه‌ك تێبینى ده‌كرێت له ناوچه‌كه ناكۆكییه‌كى زۆر له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ئیخوانه‌كان دروست بووه له‌وانه ئیمارات و میسڕ و سعوودیه و به‌حرێن به‌تۆمه‌تى هاوكارییكردنى ئیخوانه‌كان، ئابڵوقه‌یان خسته‌سه‌ر قه‌ته‌ڕ، له‌لایه‌كى تره‌وه توركیا و چه‌ند وڵاتێكى عه‌ره‌بى ركاربه‌رى یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئیخوان بابه‌تێكى سه‌ره‌كى ململانێیه‌كه‌یه. جیا له‌مه‌یش ده‌گوترێ له شه‌ڕى لیبیایش مه‌سه‌له‌ى ئیخوانه‌كان تێكه‌ڵ به شه‌ڕه‌كه بووه.
بۆیه به بڕواى هه‌ندێك له چاودێرانى سیاسى له‌وانه‌یه عێراقیش تێكه‌ڵى ئه‌و ململانێیه بێت، به تایبه‌تى له‌و كاته‌دا كه عێراق ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ میسر دروست بكات و میسریش داواى كردووه ئیخوان بخرێته لیستى تیرۆره‌وه. هادى عه‌لى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو ده‌ڵێ، “عێراق له‌و جۆره بڕیارانه سه‌ربه‌خۆییه و دوور ده‌بێت له ململانێیه”.
هادى عه‌لى بۆ نوچه‌نێت گوتى، “پێموا نییه ئه‌و بابه‌ته كاریگه‌ریى به‌سه‌ر عێراقه‌وه هه‌بێت، چونكه عێراق وڵاتێكه سیاسه‌تى خۆى هه‌یه و له‌و كاته‌یشدا وڵاتانى له نموونه‌ى میسر هه‌ڵوێستییان به‌هێز نییه”.
ئه‌گه‌رچى له قسه‌كانى هادى عه‌لى له‌سه‌ر یه‌كگرتوو داكۆكى ئه‌وه‌ى كرد كه ئه‌وان سه‌ربه ئیخوان نیین، به‌ڵام له‌سه‌ر حزبى ئیسلامى به‌شێوه‌یه‌كى تر داكۆكى كرد، ئه‌مه‌یش حزبێكى عێراقییه و له‌سه‌ر ئیخوانه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت، هادى عه‌لى بۆ ئه‌و حزبه هه‌مان بۆچوونى حكوومه‌تى عێراقى هه‌بوو كه ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر زارى گوته‌بێژه‌كه‌ى بڵاوكرایه‌وه.
هادى عه‌لى گوتى، “ئه‌م حزبه له‌سه‌ره‌تاى رووخانى رژێمى به‌عس به‌شدار بووه وچه‌ندان كه‌سیان له ئه‌نجوومه‌نى حكووم به‌شدار بوون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیان كردووه”.
ئه‌مڕۆ ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌ڵاڵ گوته‌بێژى حكوومه‌تى عێراق رایگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئیخوانه‌كان له پرۆسه‌ى سیاسى عێراق به‌شدارن و پێشتر چوار كه‌سییان سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراقى كردووه، ئه‌وا عێراق ئاماده نییه ئه‌و رێكخراوه بخاته لیستى تیرۆره‌وه.