ئەسعەد مورادی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆژەیاسای بودجەی 2020 تەنیا بۆ مانگی 11 و 12 دەبێت. دەشڵێت ”حکومەت دەیهەوێت بە یاسا قەرز بکات، بۆیە رەوانەی پەرلەمانی کردووە.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند ”بۆ دابینکردنی خەرجی و پێداویستییەکانی سێ مانگی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2020 و رەوانەی پەرلەمانی کردووە”.
لە لێدوانێی تایەبت بە نوچە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ناردنی بۆدجەی 2020 بۆ پەرلەمان، رایگەیاند: پرۆژەیاسای بودجەی 2020 روانەی پەرلەمان کراوە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە و تادەنگیشی لەسەر دەدرێت دەگاتە مانگی 10.
شێروان میرزا ئەوەشی خستەڕوو، کە پرۆژەیاسای بودجەی 2020 تەنیا بۆ مانگی 11 و 12 دەبێت. دەشڵێت ”حکومەت دەیهەوێت بە یاسا قەرز بکات، بۆ ئەوەش دەبێت یاسای بودجە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت تاکو بتوانێت قەرز بکات.
بودجەی 2019ی عێراق، كە 132 ترلیۆن دینار بوو 27 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەبوو.
پێشتر شیروان میرزا بە نوچەی راگەیاندبوو، لە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2020، نزیكەی 163 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و نزیكەی 48 ترلیۆن دینار كورتهێنان هەیە، بەڵام ئەو كورتهێنانە لە واقعدا بوونی نییە، چونكە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەشێكیان جێبەجێ ناكرێن و بەوەش بودجەكەیان بۆ ئەو كورتهێنانە دەچێت”.