د. مەغدید سەپان: ژیانم لەهەرەشەکانی مەلا بەختیار بپارێزن .. سەردەشت حەمە ساڵح: کێ هەرەشەی کردووە بەبەڵگە بڵاوی بکەوە

0

malabaxtyarد. مەغدید سەپان: ژیانم لەهەرەشەکانی مەلا بەختیار بپارێزن .. سەردەشت حەمە ساڵح: کێ هەرەشەی کردووە بەبەڵگە بڵاوی بکەوە

نوچەنێت

بەهۆی نوسینی بابەتێکەوە، کەتێیدا هێرشیکراوەتە سەر، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر مامۆستایەکی زانکۆ تۆمار دەکات، ئەو مامۆستای زانکۆ داوا دەکات، ژیانی “لە هەرەشەکانی مەلا بەختیار بپارێزن”، سەرنوسەری “چاودێرنیوس”ی نزیک لە مەلابەختیار، رەتیدەکاتەوە هەرەشە لەو مامۆستای زانکۆ کرابێت، داوا دەکات کێ هەڕەشەی لێکردووە، ئاشکرای بکات.

ئەنجامی دواین هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان، یەکێتیی لە حزبی پلە دووەمەوە لەرێژەی دەنگدا، هێنایە پلەی سێیەم، ئەو ئەنجامەش بووە مایەی نیگەرانی و رەخنەی کادرانی یەکێتی لەسەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، لەنێویاندا د. مەغدید سەپان مامۆستای زانکۆ و کادری یەکێتی، لەوتارێکدا رەخنەو هێرشی توندی کردە سەر مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەبەرانبەردا مەلابەختیار سکاڵایی یاسایی تۆمارکرد، ئەو مامۆستاسی زانکۆش لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هەرەشە لەسەر ژیانی دروستبووە، داوای لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، “ژیانی لەهەرەشەکانی مەلابەختیار بپارێزن”، سەرنوسەری چاودێرنیوس رایدەگەینێت، هیچ کەسێکی نزیک لەمەلا بەختیار هەرەشەی لەو مامۆستای زانکۆ نەکردووە.

دوای ئەوەی د. مەغدید سەپان لە نوسینێکدا هێرشی توندی کردە سەر مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وەک یەکێک لەهۆکارەکانی شکستی یەکێتی باسیکردو، قسەی لەسەر لایەنی شەخسی مەلا بەختیارکرد، سایتی چاودێرنیوس نزیک لەمەلابەختیار، بەتوندی وەڵامی ئەو مامۆستای زاکۆی دایەوەو بەشێک لە راگەیاندنەکان، وەڵامە توندەکەی چاودێرنیوسیان وەکو وەڵامی مەلابەختیار بڵاو کردەوە.

بەڵام سەردەشت حەمە ساڵح، سەرنوسەری چاودێر نیوس، بۆ نوچەنێت رەتیکردەوە، مەلا بەختیار وەڵامی ئەو مامۆستای زانکۆی دابێتەوە، رایگەیاند ” ئەوەی لە چاودێرنیوس لەوەڵامی ئەو کەسەدا بڵاوکرایەوە، نەوەڵامی کاک بەختیارە، نە نوسینگەی کاک بەختیار، تەنها وەڵامی رۆژنامەنوسێکە، لەچاودێرنیوس بڵاوکراوەتەوە، ئەو مامۆستای زانکۆ، بەشێوەیەکی ناڕەوا تەشهیری کردووە، بۆیە وەڵامی ئەو رۆژنامەنوسە زۆر لەوەش کەبڵاوکراوەتەوە ترندتر بوو، بەڵام من وەکو سەرنوسەری چاودێرنیوس، داوامکرد با ئێمەش وەکو ئەو نەچینە سەرباسی شەخسی، ئەگەرچی رازی نەبوو کەمیش بکرێتەوە وەڵامەکەی، بەڵام من هەرچۆن بوو تێمگەیاند، کە ناکرێ ئێمە باسی لایەنی شەخسی کەسێک بکەین،  پێموابوو ناکرێ چاودێرنیوس لەو ئاستەدا بێت”، ئاشکراشیکرد ” داوام لە کاک بەختیار کرد، لێدوانمان بۆ بدات لەو بارەوە و وەڵام بداتەوە، بەڵام رەتیکردەوە هیچ وەڵامێک بداتەوە، پێموایە باشیکرد وەڵامی نەدایەوە، چونکە ئاستی کاک بەختیار شتێکیترە، بۆیە لەرێی پارێزەرەکەیەوە داوای یاسایی تۆمارکردووە، ئەو مەسەلەی بۆ دادگا جێهێشتووە”.

لەدوای بڵاوکردنەوە وەڵامی دکتۆر مەغدید سەپان، لەماڵپەڕی چاودێرنیوس نزیک لە مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەو مامۆستای زانکۆ رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاشکرای دەکات کە هەرەشە لەسەر ژیانی هەیە و بۆیە”هەرەشەکان زۆر بە جددی وەردەگرم، داوا لە جەنابی سەرۆک کاک مەسعود بارزانی، جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی کاک کۆسرەت رەسول دەکەم، ژیانم لە هەرەشەکانی مەلا بەختیار بپارێزن و بەڵێنی لێوەربگرن، دەستم لێنەدا.” لە وەڵامدا سەرنوسەری چاودێر نیوس، بۆ نوچەنێت رەتدەکاتەوە، هیچ کەسێکی نزیک لەمەلا بەختیار هەرەشەی کردبێت و رایدەگەیەنێت” ئەگەر لەوەش زیاتر تەشهیری بکردایە، ئێمە هەرگیز قسەیەکمان بەرانبەری نەدەکرد، وەکو ئێستا رێی یاساییمان دەگرت، ئەگەر رێی یاسایش نەبوایە، هەروەکو ئێستا وەڵامێکمان دەدایەوە، کێ هەرەشەی لێکردووە با بەبەڵگەوە ئاشکرای بکات، کە لەلایەن ئەو کەسەوە هەرەشەی لێکراوە”.

سەردەشت حەمە ساڵح، هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، رەخنە لە سایتی لڤین پرێس دەگرێت و دەڵێت”بینیم لڤین پرێس بڵاوی کردۆتەوە گوایە ئەو کەسە ژیانی لەمەترسیدایە، گیانی بپارێزرێت، جگە لەوەی لڤین بەدرۆ دەخەمەوە، کە سایتێکی بێ بنەمایە، خەبەری ناڕاست بڵاو دەکاتەوە و رای بەرانبەر وەرناگرێت، هەموو لایەکیش دڵنیادەکەمەوە لەوەی، کاک بەختیار هەرگیز کاتی نییە قسە لەگەڵ د. مەغدید بکات، نەک هەرەشە، ئەسڵەن کاک بەختیار ژیانی زۆر رۆژنامەنوس و نوسەرێکیشی پاراستووە، کە ژیانیان لەمەترسیدا بووە، کەسێک خۆی ژیانی زۆر کەسێکی پاراستبێ کە بەهۆی ئازادی قسەکردنەوە، هەرەشەیان لەسەر دروستبوبێت، چۆن بروای بە هەرەشەکردن هەیە، یان چۆن دەوروبەری ئەو هەرەشە لەکەسێک دەکەن؟”.

نوچەنێت پەیوەندی بە د. مەغدید سەپانەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com