گۆڕان هونەرمەندان دەکات بەنوێنەری خەڵک، پارتی و یەکێتی دەیانکەن بە بازرگان
نوچەنێت
بزوتنەوەی گۆڕان هونەرمەند بورهان مەجید ئاگادار دەکاتەوە، کە کاندیدی دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، ئەو هونەرمەندەش رایدەگەیەنێت کە بەبێ هیچ موچەو ئیمتیازێک ئەو کارە دەکات، ئەوەش لەکاتێکدا وەک پەڕلەمانتارێک دەڵێت چەندین هونەرمەند بەهۆی نزیک بونەوەیان لە پارتی و یەکێتی بونەتە بازرگان.
هونەرمەند بورهان مەجید بە ماڵپەڕی سپی نیوزی راگەیاندووە، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خۆ کاندیدکردنی ئاگاداریان کردۆتەوە، دەشڵێت” ئەگەر سپاردنی ئەركەكەش وەربگرم تەنها لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری ئەكەم”..
ئەوەشی خستۆتەڕوو كە ئەگەر سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكەدا بەدەست بهێنێت، بەبێ هیچ موچەو ئیمتیازێك ئەركەكانی رادەپەڕێنێت.
ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستانیش لە فراکسیۆنی گۆڕان، بۆ نوچەنێت، بێ ئاگایی خۆی لەبڕیاری کاندیدکردنی بورهان مەجید راگەیاند بەڵام وتیشی”ئەگەر بڕیارێکی وا درا بێت کارێکی باشە، بورهان مەجید جگە لەوەی خاوەن جەماوەرێکی باشە، هونەرمەندێکی رابردوو پاکەو دڵسۆزی وڵاتەکەی خۆیەتی، بێگومان کاندیدێکی سەرکەوتوو دەبێت”.
ئەو پەڕلەمانتارە زیاتریش وتی” دەکرێ ئەو بڕیارە ببێتە خاڵێکی تری جیاکەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی و یەکێتی، بەوەی پارتی و یەکێتی هەر هونەرمەندێک دەرکەوت، بانگی دەکەن و بۆ سپی کردنەوەی سامانی خۆیان پرۆژەیەکی بازرگانی دەکەن بەناویەوە و دەیانکەنە بازرگان، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هونەرمەندێکی ناودار دەهێنێت و هەمان ئەرکی خۆی پێ دەسپێرێت، کە نزیکبونەوەیەتی لەخەڵک و جەماوەرەکەی و کردنیەتی بە نوێنەری خەڵک”.