دوو گەنجی كورد شارێكی سوید هەراسان دەكەن و پۆلیس بەدوایانەوەیە
رزگار رەزا چوچانی- سوید
لەشارەكانی سوید مەترسی لەسەر ژیانی خاوەن تەكسیەكان لەزیادبووندایە، دواین رووداو كوشتنی شۆفێری تەكسییەكە لەپایتەختی ئەو وڵاتە، لەشاری ئۆپسالاش هێرش دەكرێتە سەر چەند شۆفێرێك و پارەیان لێ دەسەنرێت، لەناویاندا شۆفێرێكی كورد هەیەو بەسەختی برینداركراوە، ئەو شۆفێرە بۆ (سڤیل) ناسنامەی هێرشبەرەكان ئاشكرا دەكات و دەڵێت “دوو گەنجی كوردن”.
ئەحمەد وەك كوردێكی خاوەن تەكسی لەشاری ئۆپسالای سوید دەژی، بە(سڤیل)ی راگەیاند ماوەیەك لەمەوبەر لەلایەن دوو كەسەوە هێرشی كراوتەوە سەر و پەنجەكانیان بەسەختی بریندار كردووەو بەچەند تەقەڵێك دووراوەتەوە، ئەو شۆفێرە كوردە چیرۆكی هێرشكردنە سەری بۆ (سڤیل) دەگێڕێتەوەو دەڵێت “دوو كوڕی گەنج هاتن گوتیان تا فڵان جێگا چەندمان لێوەردەگریت، منیش نرخەكەم پێ گوتن، بەشێوەیەك دەمزانی ئەوانە ئینسانی ئاسایی نین، چونكە كاتژمێر سێی شەو بوو، هیچ جێیەكیش بەكراوەیی نەمابوو تا ئەوان لەدەرەوەبن، بەڵام ئێمە شۆفێری تەكسین، هەركەس دەستمان لێ رابگرێت مەجبورین سواری بكەین، لەرێگا هیچیان نەوت، پارەی خۆیاندا ئارام و لەسەرخۆ بوون بەشێوەیەك من هیچ گومانێكم لێیان نەما، كاتێك وەستام بۆ ئەوەی دابەزن، خواحافیزیان كرد، لەكاتی دابەزین، ئەوەی كەلەدواوە دانیشتبوو ملی منی گرت، دۆخێكی ناخۆشبوو توانای هەناسەدانم كەمبوو، مەجالی لارم لێدانیشم نەبوو بۆ پۆلیس كە لەناو تەكسیەكەدا هەیە، ویستم دەستی لابەرم بۆ ئەوەی تۆزێك هەوام بۆبێ، بەچەقۆ پەنجەكانی بڕیم، دۆخم خراپ بوو نەمدەتوانی هەناسە بدەم، دەستم بڕابوو خوێن بەدەستما دەهاتە خوارەوە، هەرچۆن بوو گوتم چیتان ئەوێ؟، گوتیان كیفەكەتمان ئەوێ. ، كیفەكەم پێدان، بەریاندام و رۆشتن، لارمم لێ دا دوای پێنج شەش دەقە پۆلیس هاتن، بەڵام تا پۆلیس گەیشت ئەوان هەڵهاتن”.
ئەو شۆفێرە كوردە ئەوەشی بۆ (سڤیل) خستەڕوو، كە هەر ئەو گەنجانە هێرشیان كردۆتە سەر چەند شۆفێرێكی سویدیش، “بەڵام وەكو من ئازاری ئەوانیان نەدابوو، دیارە ئەوان پەنابەرن، دەزانن ئاسان نییە پەنابەرێك بترسێنی و پارەی لێبسەنیت، بۆیە سەرەتا منیان بەهیلاك برد، بەڵام ئەوەیان لەگەڵ سویدیەكان نەكردبوو، پارەكانیان لێ سەندبوون و رۆشتبوون”. گوتیشی پۆلیس وێنەی كەسە خراپەكانی ئەو ناوچەیان پێشاندام هیچیان ئەوان نەبوون”.
ئەو شۆفێرە كوردە كە هێرشیكراوەتە سەری و بەدەر لەبردنی كیف و پارەكەی، دەستیشی بەسەختی برینداركراوە، پێی وایە “ئەگەر پۆلیس ئەو كوڕانە نەگرن ئەو شتانە هەر دەكەن، جگە لەسایەق تەكسی خەڵكی دیكەیشیان والێكردووە، لەڕێگادا لەدوای كەسێكەوە دەڕۆن لەدواوە لێی دەدەن، كیف و تەلەفۆنەكەی لێ دەسەنن و دەڕۆن، ئەو شتە چەند جار روویداوە خۆشم لەم ماوەیەدا لەنەخۆشخانەوە كەسێكم گەیاند كە پیاوێك بوو لێیان دابوو و كیف و شتەكەیان بردبوو”. بەڵام گوتیشی “پۆلیس بەدوایانەوەیە”.
ئەحمەد ناسنامەی ئەو دوو گەنجە بۆ (سڤیل) ئاشكرا دەكات و دەڵێت ئەوانە “دوو گەنجی كوردن، یەكیان كوردی عێراق و ئەوی دیكەیشیان كوردی توركیایە”.
لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی ئەفتۆن بلادێتی سویدی بڵاوی كردەوە، كە لەنیوەی شەودا، لەستۆكهۆڵم، دوو كەس لەسەر تەنها ٢٠٠ كرۆنی كرێی تەكسیەكە، هێرش دەكەنە سەر شۆفێرێكی تەكسی و دەیكوژن، رۆژنامەكە لەبارەی كوشتنی ئەو شۆفێرەوە نوسیویەتی “هۆكارەكە نادیارە، بەڵام بەپێی قسەی پۆلیس، قسەو باس لەنێوان ئەوان و شۆفێرەكە هاتۆتە ئارا، تا ئەوكاتی بووە بەشەڕیان و كوشتوویانە”.