گۆنا سەعید: پیاوی کورد بۆ ژنکوشتن ئیلهام لە عەقڵیەتی خێڵ وەردەگرێت

0

نوچەنێت

گۆنا سەعید، چالاکوانی دیاری مافەکانی ژنان، لە دیمانەیەکی نوچەنێتدا، باس لە کوشتنی ژنان دەکات و دەڵێت، ژنکوشتن لە باکگراوندی عەقڵیەتی پیاوی کورددا هەیە.

گۆنا سەعید، چالاکوانی دیاری مافەکانی ژنان، لە دیمانەیەکی نوچەنێتدا، باس لە کوشتنی ژنان دەکات و دەڵێت، ژنکوشتن لە باکگراوندی عەقڵیەتی پیاوی کورددا هەیە.

نوچەنێت: وەک دەزانین کوشتنی ژنان لە ئەوروپاش بەردەوامە. زۆرجار رەخنەی ئەوەدەگیرین کە لە کوردستان یاسا وەکو پێویست نییە. بکوژانی ژن داڵدە دەدرێن، بەڵام لە ئەوروپا ئەو فەراغە یاساییەش نییە. بۆچی کورد بەردەوامە لە ژنکوشتن؟

گۆنا سەعید: پرسیارەکەت زۆر ڕەهەندی لە خۆی گرتووە. دەبێت کەمێک سادە بکرێتەوە . سەرەتا لە هەموو شوێنێکی جیهاندا ، وەک بەشێک لە توند و تیژی جێندەری بە رامبەر بە ژنان و کچان،  ژن بە هۆکاری جۆراو جۆر دەکوژرێت. ئەوەی کە بە شی زۆری کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانی کوردەوە ، جا چ لە کوردستان یان لە ئەوروپا جیادەکاتەوە، یەکەم ڕێژەی زۆر بەرزی کوشتنی ژنانە لە ژێر ناوی شەرەفدا. دووەم، پیرۆز کردنی شەرەفپارێزی پیاوانە لە لایەن کۆمەڵگە و دەسەڵات و دام و دەزگای دینی و کولتوری گشتی لە هەرێمی کوردستان .

پیاوی کورد بەردەوامە لە کوشتنی ژن، چونکە ئیلهام لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و خێڵەکی زاڵی نێو کۆمەڵگەی کوردی وەردەگرێت، کە پیاو بە خاوەنی ژن دەزانێت و ژن بە هەڵگری شەرەفی پیاو دادەنێت.  ژن وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن ماف و جەستەی خۆی سەیر ناکات . بۆیە کاتێک کۆمەڵگە بە گشتی بڕوای وابێت، کە ژن موڵکی پیاوە و هەڵگری شەرەفیەتی، ئەوا پیاو دەکاتە پاسەوانی شەرەف و ژن لە خێزاندا ، ئەگەرهەر کاتێک ژن شەرەفی لەکەدار کرد ئەوا پیاوبە ئەرکی خۆی دەبینێ کە ئەو شەرەفە بگەڕێنێتەوە بە کوشتنی ژنەکە ، ئەم پاساوە هێندە ڕیشەی داکوتاوە لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا کە جوگرافیای تێپەڕاندوە و لە کوردستان بێت یان لە ئەوروپا ، پیاوێک کە پابەندی ئەم شەرەفپارێزیە بوو ، ژن دەکوژێت .

ئەوەی کە جیاوازە لە نیوان ئەوروپا و کوردستان ، پاراستنی ژنانە لە دەست توند تیژی و ئەم عەقڵیەت و بیرکرنەوەیە، کە پاساو بۆ کوشتنیان دەهێنێتەوە .

نوچەنێت: پێتوایە دین و کلتور. دوو کاریگەری بەهێزن بۆ بەردەوامیدان بە کوشتن و چەوساندنەوەی ژنان، کە یاساش ناتوانێ بەری پێبگرێت. واتە نەریتێک دروستکراوە کە بەرامبەر هەموو یاساو رێساکان دەوەستێ؟

گۆنا سەعید: من بە پێچەوانەوە دەڵێم یاسا زۆر گرنگە ، بەڵام لە یاسا گرنگتر ئیرادەی دەسەڵاتە بۆ جێ بە جێ کردنی و تەرخانکردنی بودجە و نیازێکی راستەقینە بە کەم کردنەوەی ڕیژەی کوشنتی ژنان. جگە لە یاسایەکی کەم وکورت ، دەسەڵاتی هەرێم هیچ کام لەوانەی تری نییە  لە کوردستان . بە پێچەوانەوە لە ئەوروپا هەمووی هەیە . ئەنجامی ئەمە ئەوەیە کە تەنانەت یەک پیاوی کوردیش نییە کە لە ئەوروپا ژنی کوشتبیت و لە زیندان نەبێت، بەڵام لە کوردستان بە هەزاران پیاو هەن کە ژنیان کوشتوە و هیچ سزایەک نەدراون . لەوەش واوەتر ئەوەیە کە ژمارەیەک پیاوانی کورد هەن کە لە ئەوروپا ژنیان کوشتوە و لە سزای دەستی یاسا ڕایانکردوە و لە لای دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە کوردستان پارێزراون .

خاڵێکی تری زۆر گرنگ ، مەسەلەی کەلتوری گشتی و دژە توند تیژی یە لە ئەوروپا . هەرچەندە هیشتا بڕێک جیاکاری لە دژی ژنان هەیە ، بەڵام لە نێو کۆمەڵگەدا بە گشتی بەهاکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و یەکسانی و سەربەخۆیی مرۆڤ بە ژن وپیاوەوە پارێزراوە وبوەتە کەلتووری گشتی. ئەمەش وای کردوە کە کوشتنی ژنان دیاردەیەکی نەفرەت لێکراو و قێزەون بێت لای خەڵکی و تاوانباران نەتوانن لە سایەی بێ دەنگی شایەت حاڵەکان و تەنانەت کەس وکاریان خۆیان بشارنەوە لە دەستی یاسا . بەلام کەلتوری ڕێزگرتن لە یەکسانی و مافی مرۆڤ و ئینسانیەتی ژن لە ئەوروپاش، بە خەباتی درێزخایەنی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و بڵاوکردنەوەی هوشیاری و خوێندن و پەروەردە و  وادار کردنی حکومەتەکانیان بە دابین کردنی بودجە و خەرجی پێویست بەدی هاتووە .

بە پێچەوانەشەوە کەلتوری خێڵەکی ژنکوشتن و جیاکاری و توند وتیژی لە دژی ژنان لە کوردستان، لە کەلتورێکی زاڵکراو و بەرهەم هێنراوە بە دەستی دەسەڵات و دام و دەزگای دینی .

من لەو بارەوە ڕایەکی جیاوازم هەیە ، دین و کەلتور دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و داینەمیکین ، واتا قابیلی ئاڵ و گۆڕن و لە نێو پێکەوە ژیانی خەڵکدا مانایان هەیە . دوو دێوەزمەی دابڕاو نیین لە سەروو دەسەڵات و یاسا و کۆمەڵگە وە کاربکەن  تا بڵێێن هیچ شتێک چاریان ناکات . بەهەمان شێوە کە کەلتورێک یان ڕێ و ڕەسمەکانی دینێک دەکرێ هانبدرێت و زاڵ بکرێت لەنێو کۆمەڵگەدا، هەروەها دەتوانرێت دەسەڵات و کاریگەریان بەسەر ژیانی خەڵکەوە کەم بکرێتەوە . ئەگەر داب ونەریتێکی کولتوری یان دینی ببێتە هۆی کوشتن و توند تیژی ، ئەوە دەسەڵات ئەرکیەتی کە خەڵک بپارێزێت لێی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com