رێگا رەئوف: عەقڵیەتی ژن کوشتن بەبڕینی سنور و کیشوەرەکان کاڵ نابێتەوە

0

نوچەنێت

رێگا رەئوف، کۆمەڵناس، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە ئەوروپا، رایوایە ئەوەی کە وادەکات کورد لە هەمووشوێنێ ژن بکوژێت، ئەو تێڕوانینەیە کە لە بنەماوە پێیوایە ژنەکە هەڵەی کردووەو ئەم تۆڵەی لێدەسەنێتەوە. نەک ئەو تاوانی کردووە.

نوچەنێت: لە ئەوروپا هیچ بۆشاییەکی یاسایی نییە. بکوژانی ژن سزادەدرێن، بەڵام ئەوە رێگای لە ژن کوشتن نەگرتووە، هۆکارەکەی چییە؟

رێگا رەئوف: لە ئەوروپا یاسا هەیە سزاش هەیە. ئەوەی کە کوشتنی ژن بەردەوام دەکات ئەو عەقڵیەتەیە کە نزیکەی چل سالە خەڵکی پێ گۆش کراوە. عەقڵیەتی ئەوەی کەژن و کچ دایک و خوشک، حەیاو ناموسیان هی پیاوە و ئەبێ بیپارێزن. ئەگەریش نەیتوانی بیپارێزێ ئەوا هەوڵبدات بۆپاكکردنەوەی لەکەی شەرەفی کە ئەوکاتە کوشتنی ژنەکەیە، ئەم عەقڵیەتە بەبڕینی کیشوەرو سنورەکان کاڵ نابنەوە، چونکە لە دەرون و مۆخ و دەماریاندا هەناسەدەدات و تازە دەبێتەوە. ئەوەی کە رێگە بە کوشتنی ژنەکە دەدات کە بیرکردنەوەیە کە دەڵێت، زۆر زۆر حوکم بدرێم هەشت ساڵ زیندانییەو دوایی دەردەچم پێشیوایە زیندانی ئەروپا خۆش و ئیسراحەتە.

ئەگەر لە ئەوروپا بپرسی ژنکوژ چۆن دەبینیت؟ وەڵامەکە ئەوەیە تاوانە، تاوانبار زیندانی دەکرێ و زیندانیش ناخۆشترین و پیسترین شتە، کە هاوڵاتی وەریدەگرێ. ئەم دوو روانگەیە بۆ ژیان و بۆ کوشتن و بۆ زیندان جیاوازی ئەسڵییە نەک یاسا، یاسا زۆرگرنگە بەڵام دەبێت هاوکات بارهێنانەوەو چاکسازی دەرونی و رۆشنبیری بکرێت لە ئاستی تاک و کۆمەڵگە، ئەگینا وەک چەند دێڕێکی بێ گیان دەمێنێتەوە. ئاگایی خەڵک لە ئەوروپا زۆر بەرزە بۆیە کەسێکی ئەوروپی کە ژن بکوژێت لە ئەساسەوە دەزانێ تاوان دەکات. بەڵام کەسە رۆژهەڵاتییەکە بە تایبەت کورد، لە بنەماوە پێیوایە ژنەکە تاوانی کردووە و ئەم تۆڵە دەسەنێتەوە.

نوچەنێت: جگە لە یاسا پێتوانییە ئەوەی کە وادەکات پیاو لە هەر شوێنێک ژن بکوژێت و کاریگەرە دین و کلتورە؟

رێگا رەئوف: دین و کلتور دووشتی گرێدروان بەیەکەوە. دین لە هەموو پایەو ئەساسەکانی ژیانی تاکدا تەدەخول دەکات. بێگومان دەبێتە سەرچاوەی بیرکردنەوەو تێڕوانین بۆ ژیان. دین و فەرهەنگی دواکەوتوویی بیرو هۆشی کۆمەڵگەی کۆنتڕۆڵ کردووە. تاک ناتوانێ خۆی ئازادبکات ئەگەر توانیشی ئەوا هێزو تاقەت و توانای بێوچانی دەوێت، چونکە ئەگەر من وەک تاک نەمەوێ ژنکوژ نەبم ئەوا دین چاوم لێ سوردەکاتەوە. دایکم حەیام دەباو باوکم، براکەم و خوشکەکەم هەمان بیروبۆچوونیان هەیە. واتە دەبێ من بەرهەڵستی خێزان و نزیکترین کەسەکانم بم، ئینجا لە ئاستی کۆمەڵگەداو بەرامبەر دین و دواتریش سستمی دەسەڵات چ خوێندن، چ پەروەردەو یاسا هەمووی هەمان عەقڵیەتی هەیە. بۆیە کاتێک یاسا دەگۆڕدرێت دەبێ هاوکات لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و لەسەر ئاستی تاک خەڵک هوشیار بکرێتەوە. تا بزانن بۆ دەبێ پەیڕەوی یاسابکەن. ئەگەر منداڵەکانمان لەسەرەتاوە پێیان بگوترێ، جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچدا نییە کە گەورە دەبێت پەروەردەیەکی باش و سالم وەردەگرێ لەکۆمەڵگاو نابێتە بکوژ و تاوانبار.

نوچەنێت: پێتوایە کە لێرەدا هوشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی لە یاسا گرنگترە؟

رێگا رەئووف: نەخێر هیچ کامیان لەوی تر کەمتر یاخود گرنگتر نییە، بەڵکو پێکەوە گرێدراون. دەبێ بە یەک ئاست و ئاراستە هەردوو کارەکە بکرێت. بۆ نموونە لە سوید لە حاڵێکدا خەڵک ئاگایی زۆرەو هاوڵاتی ئێرەیە، بەڵام کە یاسایەکی بچوک تا گەورە دەگۆڕدرێت. چەندین خولی زانستی و فێرخوازی دەکرێتەوە هەر لە حاکمەوە تا ناو قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان کاری لەسەر دەکرێت. بەمە دەگوترێت جێبەجێکردنی یاسا و جێخستنی لەناو خەڵک و کلتور.

نوچەنێت: کاتێک باسی کلتور دەکەین دەبێ بزانین، کە جێبەجێکارانی یاساش پەروەردەی ئەم کلتورەن، کەواتە دیسان رات وانییە کە کاریگەری کلتوری سەردەست و دین لە هی یاسا زیاترە؟

رێگا رەئوف: بێگومان بەڵام دەبێ حاکمەکان یەکەم کەس بن کە ملکەچی یاسابن و جێبەجێی بکەن. زۆرجار یاسا لەسەرەتادا بەشێوەیەکی جوان دادەڕێژرێت بەڵام لە جێبەجێکردندا سەختی و گرفتی دێتە پێش. ئەمە هەرچەند ساڵ جارێک یاساناسان هەڵی سەنگێنن و راپۆرتی مەیدانی لەسەر ئامادەبکەن. تا خولی داهاتووی پەرلەمان یان حکومەت، بتوانێ ئاڵ و گۆڕێ تێدابکات.

دەمەوێ بڵێم، کە دەبێ لە جێگەیەکەوە دەست پێبکرێت. ئەگەر ئێمە پێمان وابێت حاکمەکان پیاون و کێشە دەبێت. خۆ زۆرینەی پەرلەمانیش پیاوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com