ئۆپۆزسیۆن: لە پەڕلەمانی کوردستان دەکشێینەوە

0

پەرلەمانئۆپۆزسیۆن: لە پەڕلەمانی کوردستان دەکشێینەوە

نوچەنێت . تایبەت

سەرچاوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕان بە نوچەنێتی راگەیاند، لەنێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بیر لەوەدەکرێتەوە، ئەگەر تەمەنی پەڕلەمان درێژبکرێتەوە و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت، هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە پەڕلەمان بکشێنەوە.

پێشتر سەرگوڵ قەرەداغی ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، لە لێدوانێکدا بەنوچەنێتی راگەیاند، دەسەڵات هەوڵ بۆ دروستکردنی کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، کە ئەویش پێویستی بەکاتی زۆرە، ئێستاش ماوەیەکی کەم ماوە بۆ کاتی هەڵبژاردن و بە رەسمی هیچ جوڵەو هەوڵێک نابینین لەلایەنی دەسەڵاتەوە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆی دوابکەوێت، ئەوەشی بە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی ناوبردو وتیشی”لەو کاتەدا پێشێلکاری یاسا روودەدات و شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”.

هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەنوچەنێتی راگەیاند،” هێشتا زووە ناکرێ بڵێین هەڵبژاردن دوادەکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ویستێک بەدی دەکرێت لەناو دەسەڵاتدا کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بە بیانوی جۆراو جۆر دوابخرێت، ناشزانین حیکمەت لە دواخستن چییە؟، ئەی خۆ ئەوان ئەڵێن دڵنیان لەوەی ئۆپۆزسیۆن بچوک بۆتەوە، بۆ ئەبێ بترسن لە هەڵبژاردن؟”.

سەرچاوەکەی نوچەنێت وتیشی”لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەوەها دۆخێک بێ دەنگ نابن، ئەگەر هەڵبژاردن دوا بکەوێت و پەرلەمان بیەوێ ماوەی تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، ئۆپۆزسیۆن نابینە بەشێک لەو بێ شەرعیەتکردنەی پەڕلەمان، تەنها خەڵکی کوردستان ئەتوانن ماوەی تەمەنی پەڕلەمان درێژ بکەنەوە، مەگەر دۆخێکی تایبەت روو بدات، کە لەکوردستان هیچ دۆخێکی لەو شێوەیە نییە، هیچ پاساوێک نابینرێت، ئەگەر ئەوە روو بدات وەک ئەوەی کە چاوەڕوانیش دەکرێت رووبدات، هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بیر لەوە دەکەنەوە کە لە پەڕلەمان بکشێنەوە، بە دڵنیایی قسە لەوبارەوە کراوە، لە کۆبونەوە هاوبەشەکانی ئایندەش ئەم پرس و بیرۆکانە قسەی زیاتری لەسەر دەکرێت تا ئاستی بوون بەبڕیار”.

لای خۆشیەوە محەمەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بێ ئاگایی حزبەکەی لەوەها بڕیارێک راگەیاند و بۆ نوچەنێت وتی”نەمانبيستووه كه پەرلەمان تەمەنی درێژ بكرێتەوە تاكو برياری وابدەين، بەڵام بێگومان لەو جۆرە بڕيارانە، هاوهه ڵوێست دەبين وەكو ئۆبۆزسيۆن، با چاوەڕێ بين بزانین، پەرلەمان و حكومەت، بڕياری چی ئەدەن دواتر، ئێمەش هەڵوێست دەردەبڕين”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com