ڤیدیۆ هەواڵ: نیچیرڤان بارزانی سەردانی شارەزور و هەڵەبجەو پێنجوێنی کرد، بەردی بناغەی دەیان پرۆژە دانرا

0

نێچرڤانڤیدیۆ هەواڵ: نیچیرڤان بارزانی سەردانی شارەزور و هەڵەبجەو پێنجوێنی کرد، بەردی بناغەی دەیان پرۆژە دانرا
نوچەنێت . KTV

بۆبینینی راپۆرتی ڤیدیۆیی کلیک لەوێنەکەی سەرۆکی حکومەت بکە
به‌ مه‌به‌ستى له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ڕه‌وشى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق و دانانى به‌ردى بناغه‌ى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى ئازارى 2013 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌ریى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگارى سلێمانى سه‌ردانى چه‌ند قه‌زا و ناحیه‌یه‌كى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ى كرد.
له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ى به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌یدا، سەردانی قەزای سەیدسادقى كرد و لە لایەن قایمقام ونوێنەری دامودەزگا حیزبی وحكوومیەكانەوە پیشوازی لێ كرا و بەردى بناغەی 80 پرۆژەى لە بواری پەروەردە و تەندروستی و كشتوكاڵدا دانا كه‌ بڕی زیاتر لە 11 ملیار دینارى تێ ده‌چێت. دواتر لەگەل بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و چین و توێژەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆ بووەوە و باس لە كێشە و گیروگرفتەكانی قەزاكە كرا. له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند كه‌ هەرچی لە توانادا بێت حكوومه‌ت درێغی ناكات لە چارەسەركردنى كێشه‌كان و دابینكردنى پێداویستیه‌كانى ناوچه‌كه‌.
دواى ئه‌وه‌ سەردانی هەڵەبجەی كرد و لە لایەن قایمقامی هەڵەبجه‌ و ژمارەیەك پەرلەمانته‌ر و نوێنەری دامودەزگا حیزبی و حكوومیەكان و كۆمەڵەی قوربانیانەوە پیشوازى لێ كرا. دواتر سەردانی مەزاری 5000 شەهیدی كارەساتی كیمیابارانى كرد و دوای خوێندنەوەی سوورەتی فاتیحە؛ تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفاى لەسەر پەیكەری نزا دانا.
هه‌ر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌رۆك وه‌زیران لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیاباران كۆ بووەوە و لە دانیشتنێكدا باس لە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و دروستكردنی 1000 خانوو بۆ وارسی شەهیدان و كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی و بەخشینی هەڵەبجە لە باجی دەرامەت و بەپارێزگابوونی شارەكە؛ كرا. سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند كە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی وەزیران بە درێژی باس لە كێشە و گیروگرفتەكانیان ده‌كه‌ن و چارەسەری گونجاویان بۆ داده‌نرێت.
دواتر سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی كرد و سەرجەم بەشەكانی بەسەر كردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە حكوومیەكان و كەسایەتیەكانى ناوچه‌كه‌ كۆ بووە. ئینجا لەگەل چین وتوێژەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتیەكانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانیش دانیشتێنكى ساز كرد.
پاشان سه‌رۆك وه‌زیران لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكانی تایبەت بە شاری هەڵەبجە و هەرسێ‌ ناحیەی سیروان وخورماڵ و بیارەدا وتەیەكی پێشكەش كرد. له‌ سه‌ره‌تاى وته‌كه‌یدا خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى به‌وه‌ى كه‌ ‌له‌ ده‌ورى نزیكه‌ی 183 ملیار دینار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و ستراتیژی بۆ هه‌رسێ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق و پێنجوێن ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچه‌كه‌ دابین كراوه‌، ئه‌مه‌ وێڕاى پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاو كه‌ خزمه‌تێكى زۆرى ناووچه‌كه‌ ده‌كات. 

وتەکەی سەرۆکی حکومەتە

بەرێزان ئامادەبووانی خۆشەویستی خەڵکی دەڤەری شارەزوور و ھەورامان رۆژتان باش، من پێشەکی دەمەوێت داوای لێبوردن بکەم کە ماوەیەکی زۆرە ئێوە چاوەروانی ئێمەبوون، بەڵام لە بەر ئەوەی کۆبوونەوەی دیکەمان ھەبوو بۆیە دوواکەوتووین و بەھیواین بمانبوورن.

شەھیدان و کەس و کاری شەھیدانی ھەڵەبجە سڵاوی خواتان لێبێت، زۆر دڵخۆشم کە ئەمرۆ بە کۆمەڵێک پرۆژەوە دێینە ھەڵەبجە، ئەمرۆ نزیکەی ١٨٣ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی بۆ ھەر سێ قەزای ھەڵەبجەو سەید سادق و پێنجوێن رادەگەیەنین، کە لە سەر بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو دەڤەرە خۆراگر و شۆرشگێرە دابینکراوە, ھەروەھا پرۆژەیەکی گەورەی ئاویش دەستپێدەکەین بۆ ناوچەکە. ئامادەبووانی بەرێز…ئێمە لە سەرەتای پێکھێنانی حکومەت دا بریاری خۆمان ئاشکراکرد بۆ بایەخدان بە ھەڵەبجە و ئەو دەڤەرە بە شێوەیەکی گشتی و دوای ئەوەش یەکسەر لیژنەیەک لە سەرۆکایەتی حکومەت کەوتە لێکۆڵینەوە لە پێداویستییەکانی ناوچەکە و ئەنجامەکەشی ئەمرۆ دەیان پرۆژەیە کە ھەمویان پێکەوە ناوچەکە دەگەیەننە پێشکەوتنێکی زیاتر لە رووی ژێرخانی و خزمەتگوزاری رۆژانە، لێرەشەوە زۆر سوپاسی ماندوبوون و دڵسۆزی لیژنەکە دەکەم زۆر سوپاسی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکەم، و زۆر سوپاسی جەنابی پارێزگاری سلێمانی دەکەم کە زۆر ھەوڵی داو جەنابی قائیمقامیش ھەر بەو شێوەیە.

لە کابینەکانی رابردوو زۆر پرۆژە بۆ ئەو ناوچەیە جێبەجێکراون، لە ناو ئەو کاولکارییەی رژێمی بەعس دروستی کردبوون بەسایەی سەدان پرۆژەی حکومەت و ھیمەتی خەڵک ژیان لەو ناوچەیە گەشایەوە، ئێستاش کابینە دوای کابینە، ساڵ دوای ساڵ پرۆژەکان بۆ ئەو ناوچە زیاتر دەبن، ئەوە نیشانەی خاوەن بەڵێنی حکومەتە بۆ ئەم ناوچەیە، ئەوە نیشانەی رێزگرتنی ھەموو خەڵکی کوردستانە لە قوربانیدانی ئەو ناوچەیە. ئێمەئەمرۆ بە بەھای ١٥٤ ملیار دینار پرۆژە رادەگەیەنین بۆ قەزای ھەڵەبجەو ناحیەکانی دیکەی تەوێڵە و بیارەو سیروان و خورماڵ کە پرۆژەکانی قەزای ھەڵەبجە بریتین لە ٥٠پرۆژە، پرۆژەکانی بیارەو تەوێلە بریتین لە ١٤ پرۆژە، پرۆژەکانی ناحیەی خورماڵ برییتین لە ١٥ پرۆژە، پرۆژەکانی ناحیەی سیروانیش بریتین لە ٨ پرۆژە. ھەروەھا ئەو پرۆژەنەی لەلایەن لیژنەکای سەرۆکایەتی حکومەت بۆ قەزای پێنجوێن دیاریکراون بریتین لە ٤ پرۆژژەی گرنگ کە بای ١١ ملیار دینارن ھەروەھا بای ٢ملیار و ٧٥٠ملیۆن دیناریش پرۆژە لە لایەن پارێزگای سلێمانیەوە بۆ ئەو پرۆژەیە پێشنیازکراوە. ھەر ئەمرۆ لێرە دا بۆ قەزای سەیدسادق یش ٨پرۆژە رادەگەیەنین کە بای ١٢ ملیار دینارن، جگە لە ٤پرۆژەی تریش کە لە لایەن پارێزگای سلێمانیەوە پێشنیاز کراون کە بای ٢ملیار دینار و ٨٠٠ملیۆن دینارە. ئەو پرۆژانە بواری تەندروستی و کشتوکاڵ وپەروەردەو گەشتوگوزاری و خزمەتگوزارییەکان کە ناوچەکە بەروپێشتر دەبات.

کەسوکاری بەرێزی شەھیدان و قوربانیان, لەناو ئەو پرۆژانەدا ١٠٠٠ھەزار خانووی خۆکرد بۆ کەس و کاری شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە تەرخانکراوە کە حکومەت زەوی و بری ٢٧ملیۆن دینار تەرخاندەکات بۆ ھەر خانوویەک، ھەروەھا سەرجەم خزمەتگوزاریەکانی دیکەش بۆ ئەو خانووانە دابیندەکات لە شەقام و ئاو و کارەبا, ھەروەھا بۆ بریندارانی کیمیایش ھەمووچارەسەرێک لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دابیندەکات، ھەر لەو بوارەدا ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت کە تیمی تایبەت لە دەرەوەی کوردستان بھێنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بریندارانە، لەگەڵ ئەوەشدا رایدەگەیەنین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانیش. ھەروەھا چۆن لە پێشتر کردوومانە لەمەو دواش زیاتر پەرە بەم پرۆسەیە دەدەین. ھەر لێرەش دا لە ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە نزیک دەبینەوە، داوا لە حکومەی فیدراڵی عێراق دەکەین کە بریارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان جێبەجێبکات سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدانی کیمیابارانکراوانی ھەڵەبجە و ئەنفال چونکە ئەوە جگە لەوەی مافێکی یاسای ئەم خەڵکەیە، بەپێی بڕیاری دادگا لە ھەمانکاتدا یەکێک بووە لەو خاڵانەی لە نێوان ھاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق و ئیتیلافی فراکسیۆنی کوردستانیەکان لە ساڵی ٢٠١٠دا وەک یەکێک لە ١٨ خاڵیەکەی لایەنی کوردی ئیمزای لە سەر کراوە لە لایەن بەرێز نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، ھیوادارم بەزووترینکات ئەوە بکەوێتە بورای جێبەجێکردن بۆ دڵنەوایی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و خانەوادەی شەھیدان.

بەرێزان…جگە لەو پرۆژانە یەکێک لەو پرۆژە ستراتیژەکانی دیکەی کە ئەمرۆ بۆ قەزای ھەڵەبجەو سەید سادق رادەگەیەنین پرۆژەی ئاوە کە گرێبەستی دروستکردنی لەگەڵ کۆمپانیای (سونگ یونگی )کۆری ئیمزا کراوە، بە بری ١٩٣ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، ئەم پرۆژەیە ئاوی پاک بۆ ماوەی ٢٥ساڵی داھاتوو بۆ گەڕەکە کۆن و نوێکانی ناحیەی سیروان و ھەڵەبجەو سەید سادق دابیندەکات و ماوەی پرۆژەکە ٢٤مانگە. ئیتر خەڵکی ناوچەکە دوای ئەو پرۆژەیە ٢٤کاتژمێر بە شێوەیەکی بەردەوام ئاوی پاکیان لە ماڵەکانیاندا دەبێت. لێرەدا جێی خۆیەتی سوپای ئاژانسی جای کای یابانیش بکەم بۆ ھاوکاری و یارمەیمان لەورووەوە، ئەو پرۆژەیە پێداویستیەکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە پردەکاتەوە، ھەروەھا ئێمە ئاگاداری داواکاری خەڵکی ئەو ناوچەیەین بۆ تاپۆکردنی زەوی و خانووەکانیان، ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسای ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین. خەڵکی خۆشەویستی ناوچەیەی شارەزوور کە دەڵێین شارەزوور خاوەن تێکۆشان و دەوڵەمەندە، ئەوە ھەروا پێداھەڵگوتن نییە، بەڵکو ئەوە کورتکراوەی مێژووی شارەزوورە، شارەزوور لە سەردەمە کۆنەکان و دوای دەرکەوتنی ئیسلام مەڵبەندی چەندین بیرمەندی گەورە بووە، کەبەرھەمەکانیان کاریگەری زۆریان لە سەر ژیانی فیکری و چاکسازی کۆمەڵایەتی کوردستان و بزوتنەوەی شۆرشگێری ناوچەکە دا داناوە لەوانەش (ئیبن سەڵاحی شارەزووری و مەولانا خالیدی نەقشبەندی و شێخ عوسمانی سیراجەدین ) ھەروەھا (مەولەوی و نالی و گۆران و بێکەس ) و چەندین شاعیری گەورەی ئەو ناوچەیە کەلتور و ئەدەبی کوردیان رەنگین و زەنگین کردوو بوونە قوتابخانەی ئەدەبی کوردی. گەورەی و کاریگەری شارەزوور لە سەردەمی عوسمانیەکان بەرادەیەک بوو کە شارەزوور یەکێک بوو لە ویلایەتەکانی سەردەمی عوسمانی دا. ئێستاش ئیمە لەوە دەکۆڵینەوە کە رێگەیەکی یاسایی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئیدارەی ناوچەکان بە تەواوی دابنێین و تەنانەت لە دووا رۆژدا ئەگەر یاساکانی عێراق رێگەمان پێبدەن ھەڵەبجە بکرێتە پارێزگا. بەڵام ئەوی ئێمە ئێستا لە کابینەی حەوتەم پەیرەوی دەکەین ئەوەیە کە دەسەڵاتی زیاتر بدەین بە پارێزگاکان وقەزا و ناحیەکان، زۆرجار لە کۆبوونەوە بەردەوامەکانمان لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێم پێیان دەڵێین ئێوە سەرۆکی حکومەتی پارێزگای خۆتانن، ئەوانیش دەبێت دەسەڵاتی زیاتر بدەنە قەزاو ناحیەکان، بۆ ھەڵەبجەو قەزاکانی دیکەش ھەمان بۆچوونمان ھەیە کە دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە قەئیمقام و بەرێوبەری ناحیەکان، چوونکە پێمانوایە ئەوە رێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین لە بەردەم کاری ھاوڵاتیان و رێگەیەکی گونجاویشە بۆ چالاکبوونی حکومەت.
خەڵکی نیشتیمانپەروەری ھەڵەبجە، قوربانیدانی ھەڵەبجە، زوڵم لێکردنی ھەڵەبجە بووە ناسنامەی ئەو جینۆسایدکرن و کۆمەڵکوژییەی کە لە سەدەی بیستەم لە کورد کرا ھەموو کورد ھەڵەبجە بە ناسنامەی چەوساوەیی خۆی نیشانی جیھان دەدات، لەبیرمانە دوای کۆمەڵکوژی ھەڵەبجە، کوردانی پارچەکانی دیکە درانە بەر گوللـە لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاتەو ھەتا ئێستا رۆژی ١٦/٣ بە رۆژی ماتەمینی نەتەوەی لە ھەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان یاد دەکرێتەوە. ھەموو کورد دیمەنی عومەری خاوەری لەبەر چاوە کە چۆن نەوەکەی دەپارێزێ، ھەموومان مەیتەکانی عەنەب و عەبابەیلەو ناوچەکانمان لەپێش چاون کە چۆن دەیانویست خۆیان رزگار بکەن بەڵام بە داخەوە دەرباز نەبوون، ھاواری ھەڵەبجە گەیشتە بارەگای خودا، ئێستا ئەوپێنوسەی حوکمی لە سێدارەدانی سەدامی پێدرا، پەتەکەی ملی عەلی کیمیای تاکە نەعلەکەی ئەبو تەحسین کە وێنەکەی سەدام و پەیکەرەکەی سەدامی روخاوی دەکوتا، وەک نیشانەیەکی عەدالەتی ئیلاھی لە مینۆمێنیتی ھەڵەبجەدایە. ئیتر جارێکی تر ئاوی پاکی ئاوێسەر ژەھراوی ناکرێتەوە جارێکی تر دانیشتوانی چلانەو مالێدەر لە باخەکانیان جودا ناکرێنەوە، کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە درێژکراوەی مێژوویەکی درێژی زوڵمکردن بوو لە ھەڵەبجە لە لایەن دەسەڵاتداران و رژێمەکانی حکومەی عێراقەوە، ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٢٠لە لایەن بەریتانیاوە بۆردوومان کرا، بەھۆی پشتگیریکردن لە شۆرشی شێخ مەحمودی نەمر، لەمانگی نیسانی ١٩٧٤ بە ھۆی ئەوەی مەڵبەندێکی شۆرشی ئەیلول بوو بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر ھەڵەبجە لە لایەن رژێمی عێراقەوە بۆردوومانکرا، ھەروەھا لە کاتێکدا لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٨٧دا وەک پێشەنگی راپەرینی جەماوەری لەگەڵ رەواندوزو شەقڵاوە دژی سیاسەتی کاولکاری رژێمی بەعس راپەری ٥٠کەس لە ھەڵەبجە شەھید بوون و ١٠٠کەسی دیکەش بێسەروشوێنکران. ھەروەھا ئەو کۆمەڵکوژیانەی لە مێژوو دا لە ناوچەی ھەورامان کراون ھەروەھا ئەو فیداکاری و تێکۆشانەی لە ناوچەی ھەورامان کراون ھیچ کات لە مێژووی کورد دا ون نابن. ھەورامان مەڵبەندی عیلم و پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتی کورد بووە ھەر بۆیە ھەمیشە یەکێک بووە لە ئامانجەکانی کورد و لێرەشەوە سڵاو بۆ ناوچەی ھەورامان دەنێرین و پێیان دەڵێین ئێوە ھەمیشەلە بیری ئێمەدان و ھەمیشە جێگەی بایەخی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن دڵنیابن جوانی ئەو دەڤەرە لە داھاتوویەکی نزیک دا ھەورامان دەکاتە یەکێک لە مەڵبەندە گەشاوەکانی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.

بەرێزان…ھەوڵەکانمان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن بۆ ناساندنی کیمیابارانی ھەڵەبجەو جینۆساید لە ھەموو جیھاندا ئەوەش بە ھاوکاری لە گەڵ دۆستانی بیانی و رێکخراوەکانی مەدەنی کوردی وبیانیەکان و رەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیھان. دەمانەوێت پەرلەمانەکانی جیھان دان بە کۆمەڵکوژییەکانی کوردا بنێن وەک جینۆساید لەو بوارەشدا ئەو دەستپێشخەریان لە کەنەداو سوید و بەریتانیا و ھۆڵەندا کراون لە سەر ئاستی پەرلەمان و دادگاکانیان زۆر بە رێزەوە دەی نرخێنین ، ئێستاش ھەوڵ دەدەین ساڵ لە دوای ساڵ رەھەندێکی جیھانی بدەین بە یادکردنەوەی کیمیاباران کردنی ھەڵەبجەو ئەنفال بۆ ئەوەی نەک تەنھا خۆمان بەڵکو جیھانیش لەو رۆژانەدا یاد بکاتەوە، ھەر وەھا ھەوڵدەدەین لە رێگەی ھونەرەوە ئەو کۆمەڵکوژییەی بە زۆرترین خەڵکی جیھان بناسێنین، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا و داھاتوومان بەسەر بەستی و ئارامی بژی و کۆمەڵکوژی جاری تر نەبینێتەوە.

ئامادەبووانی بەرێز ئەوەی ئێمە ئێستا پێشکەشی ئەو ناوچەیەی دەکەین بە جێھێنانی ئەرک و بریارێکی خۆمانە بەرامبەر بە خوێنی شەھیدان و خەڵکی تێکۆشەری ئەم ناوچەیەی بریارمان داوە لە داھاتووشدا پرۆژەی زیاتر بۆ ئەم ناوچەیە جێبەجێبکەین، ھەر وەھا ئێمە خەڵکی قەزای شارەزوور ھەڵەبجە و شارەزوورلە بیر ناکەین و ئەوانیش لە پلانی گەشەپێدانی ناوچەکاندا کە حکومە دایناوە دڵنیایان دەکەینەوە کە بە ھیچ شێوەیەک خۆراگری و پێداویستیەکانی ئەوان لە بیر ناکەین و بە پرۆژەی گرنگ بەسەر یان دەکەینەوە وە لە داھاتوو.

ئیتر ھەموولایەکتان دوربن لە ناخۆشی و ھەر بژین بۆ کورد و کوردستان و بەخێریش بێن و زۆر سوپاس.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com