نوچەنێت هەڵکوتانە سەر کەناڵی نالیا ئیدانە دەکات، هۆشداری دەداتە پارتی خۆی بە میراتگری مەلا موستەفا بارزانی نەزانێت

0

nrtنوچەنێت هەڵکوتانە سەر کەناڵی نالیا ئیدانە دەکات، هۆشداری دەداتە پارتی بەتەنها خۆی بە میراتگری مەلا موستەفا بارزانی نەزانێت

نابێ پارتی خەبات و ناوبانگی مەلا موستەفا بارزانی بکاتە پەرژین هەڵەکانی خۆی و دەبێت پارتی مەلا مستەفای بارزانی لەخەباتی ئەمرۆی خۆی جیا بکاتەوە، چونکە ئەگەر پارتی بارزانی لە پارتی بووندا بچوک بکاتەوە ئەوە بەشداری دەکات، لە ئاراستەکردنی هەر ناڕەزایەتیەک لەپارتی بۆ خەباتی ئەو سەرکردە مەزنەی کورد، لەهەمان کاتیشدا ناکرێت بۆ دژایەتی پارتی هێرش بکرێتە سەر پیاوێک کە تەمەنی بەکوردایەتی بەخشی.

ماڵپەڕی نوچەنێت، لەگەڵ بروای تەواوی بەڕێزگرتن لە رەمز و پیرۆزییە نەتەوەییەکانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، کە مەلا مەستەفای بارزانی رەمزی خەبات و بەرخودان و هەستانەوەی نەتەوەیی کوردە و بەهیچ شێوەیەک نابێت کارو هەڵەی پارتی لەسەر خەباتی ئەم کەڵە شۆرشگێڕو سەرکردەو جوامێرەی کورد هەژماربکرێت، داوا دەکات خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و رۆژنامەنوسان ئەگەر ململانێ و کێبەرکێیەکیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە، بەهیچ شێوەیەک خۆیان نەدەن لە قەرەی سوکایەتی بە مەلا موستەفای بارزانی، داواش دەکات چیدی پارتی بەم هەموو کەموکوڕییەی کەهەیەتی، خۆی بە میراتگری بارزانی نەزانێت، چونکە لای نوچەنێت وایە پارتی زۆری ماوە توانای هەڵگرتنی ئەو میراتگرییەی هەبێت و هەرگیز نابێت مەلا موستەفای بارزانیش وەکو سەرکردەیەکی نەتەوەیی لە چوارچێوەیەکی بچوکی پارتی بووندا هەژمار بکەن، نابێ چیدی ناوی مەلا موستەفای بارزانی بکرێتە پەرژین بۆ شاردنەوەی هەر کەموکوڕی و خراپەکارییەکی حزبی کە ئەمڕۆ لەکوردستاندا دەکرێت.

ئەوەش رادەگەیەنین کە گردبونەوەی ئەمرۆ لەبەردەم کەناڵێکی راگەیاندن، لەژێر ناوی داکۆکی لە مەلاموستەفای بارزانی، کە لەبەرنامەیەکی راستەخۆدا گێرەشوێنێک لەدەرەوەی سیاسەتی کەناڵەکە، سوکایەتی بەرەمزی نەتەوەیی کورد موستەفا بارزانی کردووە، بەکارێکی نەشیاو دەزانین.

چونکە ئەوەی شارەزای کاری راگەیاندن بێت دەزانێت، کەبەرنامە راستەوخۆکان، کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییەو لەهەر چرکەیەکەدا پەیوەندیکار دەتوانێ قسەی خۆی بکات، بەڵام رێگەدان بەوەی کە ئەو کەسەی پەیوەندی دەکات بە ئارەزووی خۆی سوکایەتی بکات، دەبێتە دەرچوون لە ئیتیک و ئاکاری رۆژنامەوانی، لەگەڵ ئەوەشدا کەناڵی نالیا رێگەی بەو کەسە نەداوە سوکایەتی بکات و پەیوەندییەکەی پچڕاندووە.

بۆیە بەهەموو پێوەرەکان کەناڵی نالیا بە ئیجرائاتی خۆی هەستاوە بەرانبەر ئەو کەسەو، هیچ بەرپرسیارەتیەکیشی لەئەستۆ نییە، خۆ ئەگەر بەرپرسیارەتیش بکەوێتە ئەستۆی ئەو کەناڵە، ئەوە دەبێت بەڕێگای یاسایی کار لەسەر ئەو بەرپرسیارەتیە بکرێت، نەوەک هەڵکوتە سەرکەناڵێک و داواکردن لێی کە داوای لێبوردن لەشتێک بکات، ئەو ئەنجامی نەداوە.

جارێکی تر ئێمە سوکایەتی بەرەمزە نەتەوەیی و ئاینییەکان رسوا دەکەین و ئیدانەی هەڵکوتە سەر کەناڵی نالیا دەکەین، هۆشداریش دەدەینە پارتی بەتەنها خۆی بە خاوەنی مەلا موستەفای بارزانی نەزانێت و چیدی خەباتی ئەو سەرکردە جوامێرەی کورد لە پارتی بووندا بچوک نەکاتەوە، خۆ ئەگەر بەردەوام بوو لەوەی کە دەیکات ئەوە دەبێت بەرپرسیارەتی ئەوەش هەڵبگرێت کە تورەبوونی خەڵک لە ئاکاری هەر بەرپرسێکی پارتی ئاراستەی خەباتی ئەو رەمزە نەتەوەییەی کورد بکرێت.

ماڵپەڕی نوچەنێت

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com